پارتی: بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی عێراق سەر بۆ ڕووداوی ناخۆش دەکێشێت

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەھۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدا زۆربەی خێزانەکانی نیشتەجێی ناوچەی سەوز ناوچەکەیان بەجێ ھێشتووە و  بەردەوامبوونی خۆپیشاندانەکانی عێراق سەر بۆ ڕووداوی ناخۆش دەکێشێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی حزبەکەی ڕاگەیاند، "ئەمە دووەم جارە خۆپیشاندان لەنێو پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام جاری یەکەم کشانەوە و دوێنێ وەزیرەکەی سەدر فەرمانی بە لایەنگرانی کرد لە نێو پەرلەمان بمێننەوە و دوای نوێژی مەغریب خۆپێشاندانی پارێزگاکان کۆتایی بێنن و لەماڵەکانیان بمێننەوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن، ھاوکات بەھۆی خۆپیشاندانەکانی بەغدا زۆربەی خێزانەکانی نیشتەجێی ناوچەی سەوز ناوچەکەیان بەجێ ھێشتووە". 

دەشڵێت"ھەموو لایەک جەخت لەسەر خۆپێشاندانی ھێمنانە دەکاتەوە، بەڵام ھەموو لایەکیش باش دەزانین خۆپێشاندانی ھێمنانە رۆژێک دووانە، دواتر سەر بۆ رووداوی ناخۆش دەکێشێت، چونکە ئێستا ھێزە ئەمنیەکانی عێراق ئەرکی پاراستنی خۆپێشاندەران یانیش ھەردوولا بەڕێوەدەبەن، ھەروەھا مەترسی پێکدادان ھەیە ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوامی ھەبێت، ھەرچەندە تا ئێستا خوێن نەڕژاوە لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ سوکایەتی ھەیە لەنێو پەرلەمانی عێراق". 

ناوبراو، لەبارەی داواکاری ھەندێ لایەن بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور دەڵێت  "د. ڤیان سەبری روونیکردەوە، "کێشەی شەخسی لەنێوان سەرکردەکانی شیعەدا ھەیە و دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانیش ناکۆکی ھەبوو لەنێو ماڵی شیعە، ھەروەھا ھەموارکردنەوەی دەستوور رێکاری یاسایی و دەستووری خۆی ھەیە، ساڵی ٢٠١٩ لیژنەیەک پێکھات و شەش کورد تێدا ئەندام بوون و خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام کاتێک باسی گۆڕینی دەستوور دەکرێت دەیانەوێ سیستەمی حوکم لە عێراق بگۆڕن لە پەرلەمانیەوە بۆ سەرۆکایەتی، پێویستە ھەموو لایەنەکان بگەنە رێککەوتن لەبارەی ھەمواری دەستوور نەک تەنیا بە قسەی لایەنێک دەستوور بگۆڕێت".  

PM:02:15:02/08/2022