زانیاری نوێ له‌باره‌ی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتییان ڕاگەیەندرا

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی هەرێم دوایین زانیارییەکان لەبارەی گەیشتنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دەخاتەڕوو، دەڵێت" تا كۆتای ئەمساڵ، چەند بەشەخۆراكێكی دیكەش دابەش دەكرێت".

نەوزاد شێخ كامیل،بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێکدا بە میدیای پارتی ڕاگەیاند" ئەمساڵ تا ئێستا شەش بەشەخۆراكی مانگانە هاتووە، ئەو شەش بەشەخۆراكە بە جۆرێكە، كە لە بەشی چوارەم و پێنجەم هەندێك كەلوپەلی خۆراك نەهاتوون، ئەوانەی هاتوون دابەشمان كردوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، بەشی شەشەم برنج و زەیت و شەكر هاتووە و لە هەندێك شوێن ئاوەتەماتەش هاتووە، بەڵام لە هەندێك شوێن هێشتا ئاوەتەماتەی مانگی پێنج نەهاتووە، هەروەها فاسۆلیای بەشی چوارەم نەهاتووە، رۆژانە بەشەجیاوازەكانی خۆراك دێن و ئێمەش دوای پشكنین، دابەشی سەر بریكارەكانی خۆراكیان دەكەین و دەدرێتە هاووڵاتییان.

نەوزاد شێخ كامیل هاووڵاتییانی دڵنیا كردەوە و وتی" هیچ خۆراك و بەشەخۆراكێك نافەوتێت و ئەوەی دێت دابەشی دەكەین، بەڵام هەندێك جار دوادەكەوێت، بۆ نموونە، لە شارێك مادەیەكی خۆراك دراوە، لە شارێكی دیكە نەدراوە، بەڵام لەكۆتاییدا هەر دێت و دابەشی دەكەین".

بەرپرسەکەی وەزارەتی بازرگانی هەرێم جەختیشیكردەوە، چەند ساڵە تەنیا شەش بەشەخۆراك دابەش دەكرا، بەڵام ئەمساڵ زیاتر دەبێت و رەنگە تا كۆتایی ئەمساڵ، چەند بەشەخۆراكێكی دیكەیش دابەش بكەین.

بەگشتی، سەبەتەی خۆراکی هاوڵاتییان پێکهاتووە له (شەکر، زەیت، دۆشاوی ته‌ماتە، فاسۆلیا، لەتکەنۆک، برنج و ئارد).


PM:02:11:10/08/2022