"سبەی هەلمەتی نیشتمانی كوتان دەست پێدەكات"

د.رێكەوت حمەرەشید: قۆناغی یەكەمی دەرمان گەیشتە چیای شەنگال و لەهەوڵی رەوانەكردنی پزیشك و كارمەندی تەندروستین

لەپێناو پاراستنی نەوەكانی داهاتوو و دووربوون لەنەخۆشیەكان بریارە سبەی هەڵمەتی نیشتمانی كوتان دژی نەخۆشی ئیفلیجی منداڵان لەهەرێمی كوردستان دەست پێبكات،

لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیشدا د.رێكەوت حمەرەشید باسی لەئامانجی ئەنجامدانی هەڵمەتەكەكرد كەسبەی 10-8-2014 لەتەواوی هەرێمی كوردستان بەرێوەدەچێت كە زیاتر لە 700 هەزار منداڵ پێویستە بكوترێت لەرێگەی زیاتر لە 1500 تیمی پزیشكی گەرۆك و جێگیر.

وەزیری تەندروستی وتیشی لەئیستادا ژمارەیەكی زۆر لەهاوڵاتیانی ناوچە جیاجیاكان بەهۆی ئەو شەر و پێكدادانانە روویان لەهەرێم كردوە و ئێمەش وەك وەزارەت خزمەتگوزاری تەندروستی و چارەسەری پزیشكیان بۆدابین دەكەین.
راشی گەیاند لەلایەن وەزیری تەندروستی  عێراق ئاگاداركراینەوە كەدەرمان و پێداویستی پزیشكی 3 مانگ بۆهەرێم ئامادەیە و لەكاتێكی زوو بۆهەرێمی كوردستان دەهێندرێت.

لەبەشێكی تری لێدوانەكەیدا وەزیری تەندروستی تیشكی خستەسەر ئەو خزمەتگوزاریانەی بۆهێزەكانی پێشمەرگە دابین كراوە بەتایبەت رەوانەكردنی تیمی پزیشكی و ئەمبۆلانس و دەرمانی پێویست بۆبەرەكانی پێشەوە.

د.رێكەوت حمەرەشید ئاماژەی بەوەشكرد قۆناغی یەكەمی دەرمان و پێداویستی پزیشكی رەوانەی چیای شەنگال كراوە و لەداهاتویەكی نزیك قۆناغی دووەمیش رەوانەدەكەین سەرباری ئەوەش بەسوپاسەوە لەلایەن هەریەك لەجێگری دەزگای تەندروستی پێشمەرگە و نەخۆشخانەی شۆرش و بەرێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆك ئاگاداركراینەوە كەژمارەیەك لە پزیشك و كارمەندی تەندروستی ئامادەن بچن بۆچیای شەنگال و چارەسەری هاوڵاتیان بكەن.



PM:02:25:09/08/2014