بارزانی: ئێمه‌ له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تێكی تیرۆریستی پڕ چه‌ك شه‌ڕ ده‌كه‌ین

سه‌رۆكی هه‌رێمی (ماوەبۆدرێژکراوە)ی كوردستان ده‌ڵێت: "ئێمە رووبەڕووی رێكخراوێكی تیرۆریستی نین بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كەدژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤیایەتیە".

به‌پێی هه‌واڵێكی پێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، ئەمڕۆ شەممە 9ـی 8ـی 2014 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە د. فواد مەعسووم سەرۆك كۆماری عیراق كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەخێرهاتنی سەرۆك كۆماری عیراقی كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكانی بۆ خواست و پشتیوانیی خۆیشی بۆ سەرۆك كۆماری عیراقی كە نوێنەری هەڵبژێردراوی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانە راگەیاند.

لەبەرامبەردا سەرۆك كۆماری عیراق سوپاسی پێشوازیی گەرمی سەرۆك بارزانی كرد و جەختی لەوە كردەوە كە كار لەسەر نزیكبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عیراق دەكات و پەرۆشە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان.

لەم دانیشتنەدا بارودۆخی ئەمنی و سیاسیی هەرێمی كوردستان و مەترسی و هەڕەشەكانی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عیراق خرایە بەرباس و هەردوو لا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی كە لەپێناو پاراستنی ئەزموونی دیموكراسیی هەرێمی كوردستان و عیراق پێویستە گشتە لایەك هەموو تواناییە مرۆڤی و سیاسییەكانیان بخەنەگەڕ چونكە داعش مەترسییەكی گشتگیرە بۆ سەر كوردستان و عێراق و هەموو ناوچەكە و جیهان.

پەیوەست بەم باسەوە بارزانی ئاماژەی بەوەدا: "ئێمە ڕووبەڕووی ڕێكخراوێكی تیرۆریستی نین بەڵكو شەڕ لەگەڵ دەوڵەتێكی تیرۆریستیی پڕچەك دەكەین كەدژی هەموو جۆرە پڕەنسیپێكی مرۆڤییە".

لە كۆبوونەوەكەدا هەڵوێستی ئەمەریكا و ئەورووپا و وڵاتانی ئیقلیمی لە دژایەتیكردنی داعش و پاراستنی هەرێمی كوردستان بەرز نرخێندرا.

پڕۆسەی سیاسیی عیراق و هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی ئاییندەی عیراق تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەی نێوان سەرۆك بارزانی و سەرۆك كۆماری عیراق بوو.

PM:02:58:09/08/2014