ئۆباما جەخت لە هاوكارییە سەربازیی و مرۆییەكانی بۆ هەرێمی كوردستان دەكاتەوە

‌ئۆباما
سه‌رۆكی‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی‌ ئه‌مەریكا رایگه‌یاند كه‌ وڵاته‌كه‌ی‌ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ پێشكه‌شكردنی‌ یارمه‌تی‌ سه‌ربازی‌ بۆ كورده‌كانی‌ عیراق كه‌ له‌ روبه‌ڕوبونه‌وه‌دان له‌گه‌ڵ چه‌كدارانی‌ داعش.

باراك ئۆباما، سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە كۆشكی سپی وتارێكی پێشكەشكردو تێیدا جەختی لە هاوكارییە سەربازی و مرۆییەكانی ئەمریكا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوەو وتی "ناهێڵین تیرۆریستانی داعش لەو ناوچەیە بن".

وتارەكەی ئۆباما تایبەت بوو بە بارودۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، كە ئێستا لە رووبەڕووبوونەوەی چەكدارانی داعشدان، ئۆباما بەتایبەت جەختیكردە سەر بارودۆخی ئاوارەكانی كوردانی ئێزدی لە چیای شنگال و وتی "ئامانجی ئێمە رزگاركردنی ئەو ئاوارانەو گەڕانەوەیانە بۆ شوێنی خۆیان. دوو جار فڕۆكەكانی ئەمریكا پێدوایستییان گەیاندووەتەوە ئەو چیایە و لە دەرەوەی چیاكەش مۆڵگەكانی داعش كراونەتە ئامانج".

ئۆباما جەختیكردەوە كە وڵاتەكەی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیی سەربازیی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و وتی "دەمانەوێت رێگربین لە ئەنجامدانی جینۆساید و دەمانەوێت تیرۆریستان نەتوانن لەو سنوورە بمێننەوە". بەڵام راشیگەیاند كە جارێكی دیكە ئەمەریكا سەرباز نانێرێتەوە عێراق و هاوكارییەكان تەنیا پاڵپشتی هێرشی ئاسمانی دەبێت.

سەرۆكی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و فەرەنسا قسەیكردووەو "ئەوانیش پاڵپشتی خۆیان دەربڕیوە بۆ پشتیوانیكردنی خەڵكی سڤیل". وتیشی "جۆ بایدن لەگەڵ سەركردە عێراقییەكان لە پەیوەندیدایە".



PM:06:04:09/08/2014