مەسرور بارزانی: كابینەی نۆیەم بەهیچ شێوەیەك باج و رسوماتی زیاد نەكردووە


مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، "كابینەی نۆیەم بەهیچ شێوەیەك باج و رسوماتی زیاد نەكردووە"، هەروەها داوای لە وەزارەتی كارەباش كردووە بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاوڵاتییان، دەبێت ڕێگری لە هەموو بەهەدەردانێكی كارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر كەرتی كارەبا بكرێت.

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی كارەبا، ئەمڕۆ یەكشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی وەزارەتی كارەبای كرد و لەلایەن كەمال محەمەد ساڵح وەزیری كارەبا، پێشوازی لێكرا، وەزیری كارەبا، هەنگاوەكانی چاكسازیی و باشكردنی ژێرخانی كارەبا و نەهێشتنی سەرپێچی و باشتركردنی داهات و پێوەری زیرەكی خستەڕوو.

دواتر مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، وەزارەتی كارەبا توانیویانە بەهۆی ئەنجامدانی هەندێك چاكسازییەوە، لەڕووی بەهەرمهێنان و گواستنەوە و دابەشكردنی كارەبادا، پێشكەوتنی باش بە دەست بهێنن، بەڵام هێشتاش كەرتی كارەبا، پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی باشتر، خزمەتی هاوڵاتییان بكات.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە، سەرۆكی حكومەت، وەزارەتی كارەبای ڕاسپارد هەموو هەوڵێكی خۆیان بخەنەگەڕ و پلان و ئامادەكاری پێویست بكەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانرێت كارەبای بەردەوام بە هاووڵاتییان بدرێت ، بۆ ئەم مەبەستە، پێویستە هاووڵاتییانیش، هاوكار و یارمەتیدەری حكومەت بن.

مەسرور بارزانی وتویەتی "بۆ باشتركردنی دۆخی كارەبا و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری زیاتر بە هاوڵاتییان، دەبێت ڕێگری لە هەموو بەهەدەردانێكی كارەبا و زێدەڕۆیی بۆ سەر كەرتی كارەبا بكرێت و پێویستە هاووڵاتییان هاوكاری خۆیان و حكومەت بكەن، لە ڕێگەی كەمكردنەوەی زیادبەكارهێنانی كارەبا و دانی رسوماتی كارەبا بەشێوەیەكی ڕێك و بەردەوامی، بۆ ئەوەی حكومەتیش بتوانێت بەشێكی خەرجییە زۆرەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا دابین بكات و كارەبا بە باشی بە هاووڵاتییان بدات".

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە "كابینەی نۆیەم بە هیچ شێوەیەك هیچ باج و رسوماتێكی لەسەر هاووڵاتییان زیاد نەكردووە، بەڵكو تەنیا ئەو باج و رسوماتەی هەیە ڕێكیخستووەتەوە، ئەركی سەرەكی ئەم كابینەیە  خزمەتكردنی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستانە بە بێ جیاوازی".



PM:08:18:21/08/2022