بەهۆی بۆردومانی تورکیاوە لە شارۆچکەی تەل رەفعەت سێ هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ئابی ٢٠٢٢ دەوڵەتی تورکیا شارۆچکەی تەل رەفعەتی سەر بە ڕۆژئاوای کوردستان بۆردومان کرد، کە بەهۆیەوە سێ هاوڵاتی سڤیل بوونە قوربانی. 

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی هاوار نیوز، نیوەڕۆی ئەمڕۆ فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیا، سەنتەری شارۆچکەی تەل رەفعەتی لە باکووری پارێزگای حەلەب، کە دەکەوێتە سنووری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر بۆردومان کرد. 

ئەوەشی خستەڕوو، بەهۆی بۆردومانەکەوە سێ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و پێنج کەسی دیکەش برینداربوون، هاوکات لە ئێستاشدا بریندارەکان گواسترانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی ئاڤرین، کە برینی بەشێکیان سەختە، تەمەنیشیان لە نێوان (١٣ بۆ ٥٧) ساڵیدایە.

شارۆچکەی تەل رەفعەت، دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان، لە ساڵی (٢٠١٦)ەوە کەوتووەتە ژێردەستی هێزەکانی سوریای دیموکرات. 

ماوەی زیاتر لە دوو مانگە تورکیا هەرەشەی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەکات، بەڵام ئەمریکا و هیزەکانی سوریای دیموکرات داواکارن ئەنقەرە ئۆپەراسیۆنەکانی رابگرێت و دەڵێن هەر جەنگێکی دیکە لە ناوچەکە رووبدات، "قەیرانی مرۆیی ترسناک" روودەدات.


PM:02:22:24/08/2022