سامانه‌ سروشتییه‌كان وه‌ڵامی نامه‌یه‌كی كۆمپانیای سۆمۆ دەداتەوە

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حکومەتی هەرێم لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانه‌ی ئه‌و نامه‌یه‌ی سۆمۆ ده‌كات، كه‌ رۆژی (٢٣)ی ئه‌م مانگه‌ بڵاوكرایەوە. 

له‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كاندا هاتووه‌" نامەکەی سۆمۆ هیچ نییە جگه‌ له‌ دڵۆپێكی دیكه‌ له‌ زانیاری هه‌ڵبه‌ستراو و چه‌واشه‌كارانه‌ی سۆمۆ و به‌شێكه‌ لە شەڕێکی سیاسی، ئه‌و شه‌ڕه‌ی سۆمۆ هه‌وڵێكه‌ بۆ تێكدانی گفتوگۆكانی نێوان هه‌ولێر و به‌غداد و درووستكردنی به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌میاندا". 

ئەوەش هاتووە" دادگای باڵای فیدراڵی بوونی نییە لە عێراق و بڕیاری پابەندکەر نییە. ئەمەش لەبەرئەوەی هێشتا دادگای باڵای فیدراڵی بەپێی دەستوری فیدراڵی پێکنەهاتووە لە عێراق. بۆیە ئەم پانێڵە لە بەغدا دادگای باڵای فیدراڵی نییە و بۆچوونەکانی پانێڵی خۆنمایشکەرەکان هیچ قورسایییەکی یاسایییان لە عێراق و شوێنەکانی دیکەدا نییە. بۆچونی پێچەوانە، وەک چۆن سۆمۆ و ئەوانی دیکە لە بەغدا دەیکەن، بریتییە لە فێڵکردنێك. فێڵێك کە دەستور تێکدەدات و هەڕەشە لە دەوڵەتی عێراق دەکات. ئەم هێرشە سیاسییە بۆ سەر دەستوری فیدراڵی عێراق، پاڵنەرێکیشە بۆ گەڕانەوەی عێراق بۆ دەسەڵاتی بێ سنووری مەرکەزی کە سەردەمێکی ترسناکی ڕابردوومان وەبیردەهێنتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٤ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی كوردستان بەیاننامەیەكی دیكەی بڵاوكردەوە و تیایدا ئەوەی خستەڕوو كە دادگای باڵای فیدراڵی لە عێراق بەپێی دەستوری عێراقی دانەمەزراوە، و ئەو دەزگایە کە بڕیاری ١٥ی شوباتی ٢٠٢٢ی دەركردووە هیچ دەسەڵاتێكی دەستوری نەبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو كارە. هەروەها بەڕێوەبردنی هەموو کێڵگەکانی نەوت و غازی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و یاسای نەوت و غازی کوردستان بەپێی بڕگەکانی دەستوری فیدراڵی عێراق دامەزراوە. ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان دەزگایەکی سەربەخۆیە و پێکهاتووە لە یاساناسە پێشەنگەکانی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت" رۆژی ٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستی بە دۆسیەی دادگایی کرد دژی وەزیری نەوتی حکومەتی فیدراڵ لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان". 

ئەوەشی خستەڕوو، نە سۆمۆ و نە هیچ لایەنێکی دیکە لە بەغدا هەوڵی سەلماندنی شەرعیەتی دادگای باڵای فیدراڵی بەناو دادگا نەداوە. لەبەرئەمەش دادگای باڵای فیدراڵی دیارە ناشەرعییە.

رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە، کۆمپانیای سۆمۆ رایگه‌یاندبوو، رێککاری یاسایی له‌ دژی كڕیارانی و بازرگانانی نەوتی خاوی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێته‌به‌ر. 


PM:04:40:26/08/2022