هەڤاڵ ئەبوبەكر ئەنجامی سەردانێكی خۆی بۆ حەوت وڵات ئاشكراكرد


هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، لە مۆڵەتی ئاسایی خۆی و لەسەر ئەركی خۆی سەردانی حەوت وڵاتی ئەوروپای كردووە و باسی ئەو "ئەنجام"انەش دەكات كە لەو سەردانەدا بەدەستی هێناون.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، پارێزگاری سلێمانی لە فەیسبووكی خۆی دەرەنجامی سەردانەكەی ئەم مانگەی بۆ حەوت وڵاتی ئەوروپی خستۆتەڕوو.

دەقی نووسینەكە..

لەماوەی مۆڵەتی ئاسایی خۆماندا و لەسەر ئەركی تایبەتیی خۆمان، لەماوەی نێوان (١٠ – ٢٦ی ئابی ٢٠٢٢)دا، سەردانی چەندین شاری وڵاتانی (ئەڵمانیا، هۆڵەندا، نەرویج، نەمسا، ئیتاڵیا، سویسرا، بەلجیكا)مان كردو لەگەڵ بەسەركردنەوەی چەندین هاووڵاتیانی بەڕێزی ڕەوەندی كوردیی و  كوردانی ناوچە جیاجیاكانی كوردستانی گەورەدا، چەندین كەسایەتیی ئەكادیمیی و سیاسیی و كۆمەڵایەتیی و سەرمایەگوزاریمان بەسەركردەوەو سەردانی چەندین ناوەندی زانكۆیی و مۆزەخانەو كتێبخانەو شوێنە كولتوریی و شوێنەوارە دێرینەكانمان كرد.

لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویجدا، بۆ جاری دووەم سەد كتێبی كوردیی و كتێبی تایبەت بە كوردو كوردستان بە زمانە زیندووەكانی دنیامان پێشكەش بە بەشی سۆرانی كتێبخانەی نێودەوڵەتیی ئۆسلۆ كرد، كە كتێبەكان لەسەر ئەركی پارێزگاری سلێمانی چاپكراون یان كڕدراون و بەسوپاسەوە لەلایەن بەڕێز (باساك حەمەساڵح كەریم) خاوەنی (كۆمپانیای ستێرس ــ EUKnet بۆ پۆستی نێودەوڵەتی) بێبەرامبەر گەیەندراونەتە ئەو وڵاتە، وابڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا بە فەرمیی و بە بەشداریی و پشتیوانی دۆستەكانمان لە ئۆسلۆدا لە تۆماری كتێبخانەی كتێبە كوردییەكانی كتێبخانەكەدا تۆماربكرێن.

لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، سەردانی ئینستیتوتی خوێندنی كوردیی – بەرلینمان كردو لەلایەن بەڕێز دكتۆر فەریاد فازڵ سەرۆكی ئینستیتوتەكەوە پێشوازیی و میوانداریی كراین، بەشە جیاجیاكانی ئەم ناوەندە گرنگەی كوردو كوردستانمان بەسەركردەوەو پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ كارو پڕۆژەو بەرهەمە شایستەو ناوازەكانیان دەربڕی و دواتر سەردانی زانكۆی بەرلینی ئازادو چەند ناوەندێكی كولتوریی ئەو وڵاتەمان كرد.

لە شاری میونشنی ئەڵمانیادا، هاوڕێ لەگەڵ بەڕێز خاتوو ڤانیسا ڕەشید ئەندامی شارەوانی شارەكە، ناوەندی پەروەردەو پەرەپێدانی وەرزشی و یاری تۆپی پێی كچانمان بەسەركردەوەو لەگەڵ بەڕێز خاتوو ئانا سێلگی سەرپەرشتیاری گشتیی ناوەندەكەدا كۆبوینەوەو وابڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا لەسەر میوانداریی پارێزگاری سلێمانی سەردانی سلێمانی بكەن و هەمان ناوەند لەسەر ئەركی وڵاتی ئەڵمانیا لە سلێمانی بە هەماهەنگیی ناوەندە وەرزشییەكانی كوردستان؛ بكەنەوە.

لە ڤیەنای پایتەختی نەمسا، سەردانی بەڕێز پ. د. محەمەدی مەحویمان كردو لەسەر دواهەوڵەكانی بۆ تەواوكردنی دەستوری ڕێزمانی كوردیی گفتوگۆمان كرد.

لە هەمان شار؛ بۆ دڵنیابوون لە تەندروستیی بەڕێز كاوەی حاجی فایەق، سەردانی بەڕێزیانمان كردو ئومێدی تەندروستییەكی باشمان بۆ خواست.

لە شاری شتكاڵن لە سویسرا، سەردانی كەسایەتیی و خانەوادەی تێكۆشەری دێرینی كوردستان ڕەوانشاد جەمال خەفاف و كاكە جەلال جەمال خەفافمان كردو سوپاس و پێزانینی خۆمان پێشكەش بە بەڕێزیان و خانەوادە بەڕێزەكەیان كرد.




PM:10:05:28/08/2022