لەبارەی خراپ بوونی خۆراكی مانگانە لە کۆگاکانی سلێمانی هۆشداری دەدرێت

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی كۆگاكانی خۆراك بەسەردەكاتەوە و دەڵێت" كێشە و كەموكوڕییەكانیان زیانی گەورەی بۆسەر خۆراكی هاوڵاتییان دەبێت لە ڕووی تەندروستییەوە". 

ئازاد حەمە ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە سەردانێکدا کۆگاکانی خۆراکی مانگانەی هاوڵاتییانمان لە ناوچەی هوانە بەسەرکردەوە و ئەوەی تێبینیش کرا لە کۆگاکاندا، بریتییبوو لە ژمارەیەکی زۆر کێشە و کەموکورتی کە زیانی گەورە بە تەندروستی هاوڵاتییان دەگەیەنێت".

سەبارەت بە کێشە و کەموکورتی ناو کۆگاکان ئەوەشی خستەڕوو،  کێشە و کەموکورتییەکانی ناو کۆگاکان زۆرن، بەس بە گشتی خۆیان لە چەند خاڵێکدا دەبیننەوە کە بریتیین لەمانە:

١- کەمی کۆگای هەڵگرتنی خۆراک

٢- کەمی فەرمانبەر بەتایبەت فەرمانبەری گەنجینە

٣-زۆری مانەوەی ئۆتۆمبێلە بارگەڵگرەکان کە هەندێک خار لە هەفتەیە تێپەڕدەکات

٤- خەرج نەکردنی پارەی پێویست بۆ کۆمپانیاکان لە داهاتی خۆیان

٥- خەرج نەکردنی کاری زیادە بۆ فەرمانبەران هاوشێوەی فەرمانبەرانی بەغداد

راشیگەیاند" بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و دابینکردنی کەموکورتی کۆگاکانی خۆراک لە سلێمانی چەند جارێک لەگەڵ وەزیری بازرگانی و پیشەسازی هەرێم گفتوگۆمان کردووە، بەڵام تاکو ئێستا هیچ کام لەو کێشانە چارەسەرنەکراوە".


PM:10:02:01/09/2022