دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانه‌ی هاوڵاتییان ده‌كرێت به‌ ئەلیکترۆنی

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" سیستەمی دابەشكردنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاوڵاتیان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی دەگۆڕدرێت و لیستی ئەو كەسانە جیا دەكرێتەوە كە لە كوردستان ناژین". 

وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویكردەوە" ئەمڕۆ دووشەممە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و شاندێكی بەرنامەی خۆراكی جیهانی ڕەوشی ئاسایشی خۆراكی و بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستەمی دابەشكاری خۆراكی مانگانەی هاوڵاتیانیان تاوتوێ كرد". 

ئاماژە بەوەشکراوە، بە وردی ستراتیژ و پرۆژەكانی بەرنامەی خۆراكی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان باس كرا، كە بریتی بوون لە گۆڕینی سیستەمی دابەشكردنی بەشەخۆراكی هاوڵاتیان بۆ شێوازی ئەلیكترۆنی لە ڕێگەی دروستكردنی داتابەیسێكی تایبەت بە زانیاری لەسەر هاوڵاتیان تا بتواندرێت لیستی ئەو كەسانە جیا بكرێتەوە كە لە كوردستان ناژین، یان ئاستی بژێویان بە جۆرێكە پێویستیان بەو بەشەخۆراكە نییە و ڕێكخستنی بەرنامەكە بە جۆرێكە بۆ ئەو كەسانەی زیاتر پێویستیانە بەشەخۆراكیان بۆ دابین بكرێت. 

وەزیری بازرگانی و پیشەسازی لای خۆیەوە ئاماژەی کرد بە ڕەوشی خراپی خۆراك و كێشە و گرفتەكانی هاووڵاتیان لەبارەی كوالێتی و بڕی ئەو خۆراكەی كە مانگانە دەگاتە دەستیان و لە چوارچێوەی بەرنامەی خۆراكی جیهانی دابین دەکرێت، هەروەها بۆ چارەسەركردنی ئەمەش سیستەمی ئەلیكترۆنی بەشەخۆراكی هاوڵاتیانی بە گونجاو و گرنگ زانی و بەڵێنی هاوكاریكردنی دەربڕی بۆ هەر كار و پرۆژەیەك كە خزمەتی هاوڵاتیان بكات.

وەزیری بازرگانی، پێشنیاری بۆ شاندەكە كرد كە بتوانن هاوكاری كەرتی پیشەسازی و كشتوكاڵی ناوخۆی بكەن بۆ كارئاسانی بەدەستهێنانی پێداویستییە خۆراكییەكان لە ناوخۆ و شاندەكە پێشنیارەكەیان بە گونجاو زانی و پێیان وابوو بیرۆکەکە دەتوانێت هاوكاری باش بێت بۆ جێبەجێكردنی پرۆژەكانی ئەوان لە ناوچە جیاوازەكان، هەروەها شاندەكە ئاماژەیان بەوە كرد كە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراق لە لێكتێگەیشتنی كۆتاییدان و بڕیارە لە ئایندەیەكی نزیكدا پرۆژەكە بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە.


PM:05:05:05/09/2022