كونسوڵی ئەمریكا بۆ وەزیری پێشمەرگە: هاوكارو پشتیوانتم



كونسوڵی نوێی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر، پاڵپشتی و پشتیوانی بۆ هەنگاو بڕیارەكانی وەزارەتی پێشمەرگە لە پڕۆسەی چاكسازی رادەگەیەنێت و دەڵێت "وڵاتەكەی بەبایەخەوە لەرێكخستنەوەكانی وەزارەتی پێشمەرگە دەڕوانێت و لەمڕوانگەیەشەوە هاوكاری و هەماهەنگییەكان بەردەوام دەبێت".

بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئەمڕۆ شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە، پێشوازیكرد لە هیكس جونیەر، كونسوڵی نوێی كونسوڵخانەی ئەمەریكا لەهەولێر و شاندێكی سەربازی و دیبلۆماسی یاوەری. 

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە، كونسوڵی گشتی، سەرەڕای  دەستخۆشی، پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەكەی بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چاكسازی و كاركردن لەپێناو لابردنی لەمپەرو ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پڕۆسەیە دووپات كردەوە. 

كونسوڵی گشتی ئەمریكا وتویەتی "رێكخستنەوەو یەكخستنەوەی هێزەكان ئەركێكی قورسەو پێویستی بە هاوكاری و پشتگیری هەمووان هەیە، پشتیوانی روئیای وەزیری پێشمەرگە دەكەین، لە دروستكردنی هێزێكی تۆكمەی یەكگرتوویی سەربازیانە و لەمڕوەشەوە ئەمریكا و هاوپەیمانان بە ئەركی خۆیان هەڵساون و چاوەڕوانی زیاتریان لە رێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە هەیە". 



PM:08:51:05/09/2022