شاژنی بەریتانیا كۆچی دوایی كرد

کەمێک پێش ئێستا شاژنه‌ ئه‌لیزابێسی دووه‌م له‌ ته‌مه‌نی (٩٦) ساڵییدا كۆچی دوایی كرد.

كۆشكی شاهانەی بەریتانیا (باكینگهام) هەواڵی كۆچی دوایی شاژنە ئەلیزابێسی دووەمی لە تەمەنی (٩٦) ساڵیدا راگەیاند، لە كاتێكدا باری تەندروستی نیگەرانی دروست كردبوو، دوای ئەوەی كارمەندە پزیشكییەكانیان رایانگەیاند كە باری تەندروستی تێكچووە.

بەپێی داب و نەریتی شاهانەی بەریتانیا، دوای كۆچی دوایی شاژن كوڕە گەورەکەی دەبێتە پاشا، بۆ ئەمەش تاجی پاشایەتی دەخرێتە سەر سەری (چارلز).

ئەلیزابێسی دووەم، ناوی تەواوی ئەلیزابێس ئەلێکساندرا مێری لە ٢١ی نیسانی ١٩٢٦ لە دایکبووە، لە ٦ی شوباتی ١٩٥٢ەوە شاژنی بەریتانیا بووە، بەپێی دەستور بووەتە شاژنی (١٦) وڵاتی ناو (٥٠) وڵاتی کۆمۆن وۆڵس.

لە ساڵی (١٩٤٧) ئەلیزابێس هاوسەرگیری لەگەڵ شازادە فیلیپ (دوکی ئەدینبۆرگ) دەکات و چوار منداڵی دەبێت شازادە چارڵز، شازادەی وێڵز و شازادە ئان، شازادە ئەندرۆ (دوکی یۆرک) و دواجار شازادە ئێدوارد (نۆبڵ وێسێکس). 


PM:08:38:08/09/2022