بانکی رافیدەین لقەکانی لە هەرێم دەکاتەوە



بانکی رافیدەینی حکومی لە عێراق کە قەرز و پێشینە بە هاوڵاتییان دەدات، لە هەوڵی کردنەوەی لقەکانی بانکەکەیدایە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی ئەو هەموو کارئاسانی مادیانەی بۆ هاوڵێ‌تیانی عێراق دەکرێت، بۆ هەرێمیش بکرێت.

بەپێی نوسراوێک کە بانکەکە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کردووە تیادا داوا دەکات دووبارە لقەکانی بانکەکە لەهەرێم بکرێنەوە، بەوەش سەرجەم ئەو پیشینانەی ئەو بانگە دەیدات بە هاوڵاتیانی عێراق، هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سەردانی لقی سەرەکی بانکی رافیدەینی کردووە لەبەغدا بەمەبەستی دووبارە کردنەوەی لقەکانی بانکی رافیدەین لە شارەکانی هەرێمی کوردستان.

هەروەها باس لەوەش دەکات بانکی ناوبراو نوسراوێکی لەو بارەیەوە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ کرد بۆ وەرگرتنی رەزامەندیی لەسەر ئەو بابەتە.



AM:12:36:12/09/2022