تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی روونكردنەوە لەسەر داوایەكی لاهور شێخ جەنگی دەدەن


تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنن، لاهور شێخ جەنگی داوایەكی یاسایی تۆماركردووە بۆ خەرجی رۆژانەی نووسینگەكەی و خەرجی دیكە.

تیمی پارێزەرانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا رایانگەیاندووە "بەپێویستمان زانی وردەكاری ئەو دۆسیە یاساییەی كە لاهور جەنگی بورهان جوڵاندوویەتی بەمەبەستی داواكردنی 150 ملیۆن دینار بۆ خەرجی رۆژانەی نووسینگەكەی و 102 ملیۆن دیناری دیكە بۆ خەرجی دامەزراوە كەسییەكانی لە داهاتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بڵاوبكەینەوە، تاوەكو ناوەڕۆكی دۆسیەكە لای هاوڵاتییانی هەرێمی كوردستان، ئەندام و دۆست و لایەنگرانی یەكێتی روون بێت و بەرچاوڕوون بن پێی":  

 بەپێی راگەیەنراوەكە ‎یەكەم "پاش ئەوەی لە ماوەی رابردوودا دۆسیەكە لە دادگای كەرخی بەغداوە گواسترایەوە بۆ دادگای سلێمانی دوێنێ  یەكشەممە 11ی ئەیلول، پرۆسەی دادبینی دۆسیەكە لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو. لە ماوەی رابردوودا پارێزەری لاهور جەنگی بورهان داوای لە دادگای تێهەڵچوونەوە كردووە دۆسیەكە بگوازرێتەوە بۆ شارێكی تر، بەو هۆیەشەوە لە ئێستادا دۆسیەكە هەر لە دادگای سلێمانییە و تەنیا بۆ وردبینی رەوانەی دادگای تێهەڵچوونەوە كراوە و لەدوای ئەوەی كە بڕیاری كۆتایی درا دەردەكەوێت دۆسیەكە دەگوازرێتەوە بۆ شارێكی تر یان نا".  

 هەروەها دەَڵێن ‎دووەم "لەناو دۆسییەكەدا لایەنی داواكار كە پارێزەری لاهور جەنگی بورهانە داوای 150 ملیۆن دیناری كردووە لەبەرامبەر خەرجی رۆژانەی و داواش دەكات 102 ملیۆن دیناری تری بۆ خەرج بكرێت بۆ دامەزراوە كەسییەكانی كە لە بەرژەوەندی كەسیی ئەو كاردەكەن".  



AM:12:42:12/09/2022