یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا

بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و ژمارەیەک لە بەرپرسانی پەروەردەیی و مامۆستایان و قوتابیان لە مەراسیمێكدا یەكەم زەنگی ساڵی نوێی خوێندن لێدرا.

ئەمڕۆ پرۆسەی ساڵی نوێی خوێندن لە هەرێمی کوردستان بە بەشداری یەک ملیۆن و ٨٨٥ هەزار و ٤٠٠ قوتابی دەستیپێکرد و مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە قوتابخانەی ئەیلوول لە قەزای بەردەرەش زەنگی دەستپێكی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا و لە وتارێكدا رایگەیاند" خۆشحاڵم كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندن دەست پێبكات".

ئاماژەی بەوەشکرد، لە دوو ساڵی رابردوودا مامۆستایان قوربانی زۆریان داوە بۆ بەردەوامبوونی پرۆسەی خوێندن.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا سەرۆکی حکومەت باسی لەوەشکرد، هەموو جۆرە پشتیوانییەکی پەروەردە دەکەین.

پێشتر وەزارەتی پەروەردەی هەرێم رۆژی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی دیاریکرد و ژمارەیەک رێنمایی دا بە خوێندنگەکان، بەپێی رێنماییەکان، سێ رۆژی دەستپێکی دەوامی ساڵی نوێی خوێندن تەرخاندەکرێت بە چەند بابەتێک وەک ئاشناکردنی قوتابیان بە پۆل و هۆبەی خۆیان و پێدانی خشتەی وانەکانیان، هەروەها لە سێ رۆژی یەکەمدا وانەکان تایبەت دەبن بە خۆشەویستی کوردستان و گەشەپێدانی کولتووری پێکەوەژیان.


AM:08:25:13/09/2022