لەبارەی دابەشکردنی غاز بە کۆبۆن بڕیار دەدرێت

لە کۆبوونەوەیەکدا وەزیری سامانە سروشتییەکان لەگەڵ لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان بڕیاریاندا کە غازی ماڵان بکرێت بە کۆبۆن.  

ئەمڕۆ ١٣ی ئەیلولی ٢٠٢٢ د. شێرکۆ جەودەت، ئەندامی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، ڕاکێشانی بۆری غاز بۆ ماڵان دوورە لە ڕاستییەوە و تەنها قسەی بەرپرسی وەبەرهێنانە و بەهیچ شێوەیەک لەئێستادا ناتوانرێت جێبەجێبکرێت."  

دەشڵێت "لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەکان ڕێککەوتین کە لەسەرجەم پارێزگاکان غازی ماڵان بە کۆبۆن دابەش بکرێت، بۆ ئەوەی بپارێزرێت لە گەندەڵی و فرۆشتنی بە شێوەی بازرگانی."  

باسی لەوەشکرد، نرخەکەی هەر وەک پێشتر دەبێت و گران ناکرێت، بەڵام هێشتا نازانین مانگانە چەند بتڵ غاز دەدرێت بە هاووڵاتیان ئەوە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئەوە ڕێکدەخات.

لەبارەی دابەشکردنی نەوت بەسەر هاووڵاتیاندا، د. شێرکۆ جەودەت باسی لەوەکرد وتی "ئەو نەوتەی کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری داوە دابەشی بکات، بەشێ یەک لەسەر سێی دانیشتووانی هەرێم دەکات."  



PM:06:07:13/09/2022