سەرۆكی ژوری بازرگانی سلێمانی: باجێكی گەورە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە خراوەته ‌سەر هەمووان


سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، سەبارەت بەو باجەی خراوەتە سەر رێستۆرانتەكان، لەگەڵ وەزارەتی دارایی كۆبوونەتەوە و ناڕەزایی خەڵك و كاسبكارانیان پێ گەیاندوون، ئەوانیش بڕیاریان داوە چاو بەو باجانەدا بخشێننەوە.

سیروان محەمەد، سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی بە دەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "بە ڕاستی ئەمڕۆ باجێكی گەورە خراوەتە سەر هەمووان كە لە هەمووی ترسناكتر ئەوەیە دەستەبەری كۆمەڵایەتی ڕۆژانە دەچنە سەر دوكاندار و كارگە و ڕیستۆرانتەكان كە ئەم پارەیان لێوەردەگرن كە بۆ دەستەبەری كۆمەڵایەتیە ئەمەش بە ڕاستی بارگرانیەكی زۆر زۆری لەسەر خەڵك دروستكردووە، ئەگەر ئەمە بۆ خزمەتی چینەكە بێت كێشەمان نییه،‌ بەڵام ئەمە بۆ خزمەتی چینەكەش نییە، واتە یاساكە یاسایەكی زۆر باشە، بەڵام تەنها یەك خاڵیان جێبەجێكردووە كە پارە وەرگرتنە لە خەڵك".

دەربارەی باجی سەر چێشتخانەكان، ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "زیاتر ئەو ڕێستۆرانتانە دەگرێتەوە كە پلەیان بۆ دانراوە، واتە ڕێژەكان لەوانەیە بگاتە ڕێژەی 50-60، چونكە جاران بەكۆی هەمووی 10% وەردەگیرا، ئێستا ئەمەیان لابردووە بە گوێرەی پلەی ئەو چێشتخانەیە دەبێت بە گوێرەی ئەستێرەكان ڕێژەی باج وەردەگیرێت لە ڕێستۆرانتەكان ئێستا 1% وە دەست پێدەكات بۆ 5% ئێستا بڕیاریان داوە ئەوە جێبەجێ بكەن".

سیروان محەمەد وتویەتی "ئێمە لەسەر ئەوە ڕێككەوتووین، هیوادارین ئەوانیش پابەندبن بەو بڕیارەی خۆیانەوە و ئەو ڕێژەیە بهێننە خوارەوە بەو شێوازەی ڕێككەوتنمان لەسەر كردووە، ئەگەر پێش دانانی باج حكومەت ڕاوێژی بە ئێمە بكردایە وەك ژووری بازرگانی لەوانەیە توشی ئەم قەیرانەی ئێستا نەبوونایە."



AM:09:53:15/09/2022