سنە.. دوو چالاكوانی مه‌ده‌نی دەستگیرکران و نۆ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون

شه‌وی رابردوو بەهۆی ناڕەزایەتی خەڵکی سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەبارەی كوژرانی ژینا ئەمینی، دوو چالاکوانی مەدەنی دەستگیرکران، هاوكات نۆ كه‌سی دیكه‌ش برینداربوون.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ڕایگەیاند" شه‌وی رابردوو لەگەڵ ناڕەزایەتی بەربڵاوی خەڵکی سنە سەبارەت بە کوژرانی ژینا ئەمینی، فەرانەک ڕەفیعی چالاکی ژینگەپارێز و چالاکی بواری مافەکانی ژنان و لوتفوڵڵا ئەحمەدی چالاکی کرێکاری لە گۆڕەپانی ئیقباڵ دەستگیرکران".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه‌، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستگیرکردنی لوتفوڵڵا ئەحمەدی و فەرانەک ڕەفیقعی توندوتیژییان بە کارهێناوە و دوای دەستگیرکردنیان بۆ شوێنێکی نادیار گوازراونەتەوە. 

ئەوەشی خستەڕوو، لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێ یەکشەممە لە سنە لانیکەم (١٠) کەسی دیکەش دەستگیرکراون، کە هەتا ئێستا ناسنامەیان ئاشکرانەکراوە. 

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، لە دووەمین ڕۆژی ناڕەزایەتییەکانی خەڵکی سنە هێزە ئەمنییەکان وێڕای بەکارهێنانی گازی فرمێسک ڕێژ تەقەیان لە خەڵک کردوە و بەپێی ئامارە سەرەتاییەکانیش لانی کەم نۆ هاوڵاتی بریندارکراون. 


PM:01:50:19/09/2022