حكومەتی هەرێم ماوەی لێخۆشبوونی لە قەرزی باج درێژ كردەوە


حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاریدا بە درێژكردنەوەی قەرزاران باج بۆ ماوەی 30 رۆژی دیكە.

كەمال وەرتی، بەڕێوەبەری گشتی باج و خانووبەرەی میری لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێمی كوردستان بە كەناڵی سەرۆكی حكومەتی راگەیاندووە "ماوەی شەش مانگە هاووڵاتیان سوودمەندن لە بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج و هەرچەندە ئەمڕۆ دوا وادەی جێبەجێكردنی بڕیاری لێخۆشبوون لە قەرزی باج بوو، بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو رۆژانەی لەماوەی رابردوو كەوتنە پشووەوە، بۆ ماوەی 30 رۆژی دیكە مامەڵەكان بۆ لێخۆشبوون لە  قەرزی باج وەردەگیرێت".

وەرتی روونیكردەوە، باج مافێكی گشتییە و بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بۆ خزمەتی هاووڵاتیان لە خەزێنەی حكومەت خەرج دەكرێتەوە، ئەوەش یەكەمینجارە لە مێژووی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كابینەی نۆیەمدا حكومەت بەتەواوی پشت به داهاتی خۆی ببەستێت بۆ گشت خەرجییەكان و دابینكردنی مووچە.

پێشتر حكومەتی هەرێمی كوردستان بریاریدابوو، ھەر كەس و كۆمپانیایەك كە قەرزی باجیان لەسەرە، ئەگەر لە 90 رۆژدا بۆ حكومەتی بگەڕێننەوە، ئەوا لە زیادە و سزاكانی دواخستن خۆش دەبێ، دواتر بۆ سوودمەندبوونی هاووڵاتیان جارێكی دیكە ئەو بریارەی بۆ 90 رۆژی دیكە درێژكردەوە، هەرچەندە ئەمڕۆش دوا رۆژ بوو بۆ سوودمەندبوون لەو بڕیارە، بەڵام بۆ قەرەبووكردنەوەی ئەو رۆژانەی لە ماوەی رابردوو كەوتنە رۆژانی پشووەوە، بریاردرا بۆ ماوە  30 رۆژی دیكە هاووڵاتیان و كۆمپانیاكان لەو بریارە سوودمەندبن.



PM:05:33:20/09/2022