بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم باس لە دوو سوودی لێخۆشبوون لە باج دەكات


بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، بریاری درێژكردنەوەی لێخۆشبوون لەسەر باج بووەتە هۆی ئەوەی بڕێك سیولە لە بانكەكان لە ڕێگەی وەرگرتنی باجەوە زیاد بكەن.  

عەلی عەبدولڕەحمان، جێگری بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی باجەكان و خانوبەرەی میری بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێمی كوردستنی راگەیاندووە ''لە ساڵانی ڕابردوودا بەهۆی خراپی دۆخی هەرێمی كوردستان، خەڵكێكی زۆر نەیاندەتوانی ئەو باجەی لەسەریانە بیدەنەوە، بۆیە ساڵانەش ئەگەر باج نەدرێت بڕی سزاو سوود زیاد دەكات، ئەوەبوو لەسەر داواكاری ئێمە و وەزارەتی دارایی، سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران، بە بڕیاری ژمارە (156) لە 15ی حوزەیرانی 2022، بڕیاری لێخۆشبوونی لەسەر بڕی سزا و سوودی سەر باجدەران دا.''  

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردوە، ئەو بابەتە دوو دیوی هەیە، دیوێكیان ئەوەیە كەس ناتوانێت خۆی لە باج بدزێتەوە و بڵێت باج نادەم، چونكە ئەگەر باجدەرەكە بشمرێت ئەوا دەبێت میراتگرەكانی بڕی  باجەكە بدەنەوە، بۆیە لە ڕێگەی هۆشیاركردنەوەوە خەڵكیان ئاگادار كردەوە كە بێن بۆ ئەوەی باجەكەیان بدەن و ئەم لێخۆشبوونە بیانگرێتەوە.  

هەروەها دەڵێت "دیوێكی دیكە ئەوەیە كە توانیومانە بڕێك سیولە لە بانكەكان لە ڕێگەی وەرگرتنی باجەوە زیاد بكەین، ئەوەش كارێكی گرنگ بووە كە بەڕێوەبەرایەتی گشتی باجەكان و خانوبەرەی میری بەو كارە هەڵساوە و جێبەجێی كردووە، لە پێشتر بانكەكان و گەنجینەكان سیولەیەكی ئەوتۆی تێدا نەبوو بۆیە بیرمان لەوە كردەوە كە ئەوانەی قەرزداربوون و لە ساڵانی پێشتر باجیان لەسەر بوو بێن باجەكانیان بدەن و لەو سزا و سووەی كەوتبووە سەریان رزگاریان بێت و  لەو بڕیارە سوودمەند بن.''  

  



PM:08:29:21/09/2022