له‌ رووداوێكی هاتووچۆدا پێنج كه‌س له‌ خەلەکان گیانیان له‌ده‌ستدا

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ لە رووداوێكی هاتووچۆدا له‌ سنوری شارۆچکەی خه‌له‌كان پێنج كه‌س گیانیان له‌ده‌ستدا. 

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ٢٢ی ئەیلولی ٢٠٢٢ ڕووداوێکی سەختی هاتووچۆ لە جۆری پێکدادان لە نێوان بارهەڵگرێک و ئۆتۆمبێلێکی پیک ئابدا، لە ناحیەی خەلەکانی سەر بە قەزای دووکان ڕوویدا.

هەر بەپێی زانیارییەکان، لە ڕووداوەکەدا پێنج کەس گیانیان لەدەستدا، کە سیانیان خەڵکی مەریوانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانن و لە ژن و پیاو و کچێک پێکهاتوون، هەروەها یەکێکیشیان خەڵکی بانەیە، کەسی پێنجەمیش خەڵکی شاری سلێمانییە.

بێجگە لە مردنی ئەو پێنج کەسە، دوو هاوڵاتی دیکەش لەو رووداوەدا برینداربوون، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن حەوت ساڵانە، لە ئێستاشدا بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون. 

بەهۆی خراپی ڕێگاوبانەکان و پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەكانی هاتووچۆ، ڕۆژانە چەندین ڕووداوی هاتووچۆ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان ڕوودەدات، کە بەهۆیەوە قوربانی لێدەكەوێتەوە.


AM:11:39:22/09/2022