ژنە چالاكوانێكی سنە دەستبەسەر كرا


بەیان عەزیزی، چالاكی مافەكانی ژنان، شاعیر و نوسەر، ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری سنە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە دەستبەسەر كراوە.

ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویكردەوە، "لە درێژەی شەپۆلەكانی دەستبەسەركردنی هاوڵاتییانی كورد لە لایەن ناوەندە ئەمنیەتییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە كە لە دوای دەسپێكی ناڕەزایەتییە گشتییەكانی ئەو وڵاتە دەستیپێكردوە، بەیان عەزیزی كە چالاكێكی مافەكانی ژنانە شاری سنە دەستبەسەركراوە".

بەیان عەزیزی كە خوێندكاری دكتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی و توێژەری مافەكانی مرۆڤ و ژنانە، یەكێكە لە ژنە چالاكوانەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان كە دژی "كوشتن لە ژێر ناوی شەرەف و توندوتیژی خێزانییەدا" كاردەكات.

ژینا ئەمینی رۆژی 13ی ئەم مانگە لەكاتێكدا لەگەڵ خێزانەكەی بەسەردانێك چونەتە تاران، بە تۆمەتی "پابەندنەبون رێكارەكانی باڵاپۆشیی"ەوە لەلایەن پۆلیسی چاودێریكردنی جلوبەرگی ژنان دەستبەسەركراوە، دوای چەند كاتژمێرێكیش مانەوەی لە زیندان ژینا كەوتوەتە دۆخی بێهۆشی و گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دوای سێ رۆژی گیانی لەدەستدا، بەهۆیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستیپێكرد و تا ئێستاش بەردەوامی هەیە.



PM:12:09:30/09/2022