" ئەگەر هەیە هێرشی سەر ماڵی حەمە رێگر و عەبدوڵای کوێخا موبارەکە ئێران بێت "

لە دوو شەوی یەک بە دوای یەکدا لە ناوچەی چەمچەماڵ هێرشکرایە سەر ماڵی دوو کادیری سەربازی پارتی، حەمە رێگر و عەبدوڵای کوێخا موبارەک، هێرشکردنە سەر ئەم دوو کەسە سەربازییەی پارتی سەرەتا لای رای گشتی بە نا راست و دروستکراوی خۆیان ناوزەد دەکرا، بەلآم سەرچاوەیەکی ئاگادار بە " سپی " راگەیاند" ئەگەرێکی بە‌هێز هەیە لایەنێکی دەرەوەی هەرێم بێت ".

سەرچاوەیەکی ئەمنی ئاگادار کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە " سپی " راگەیاند" ئەو لایەنەی کە ئەو دوو هێرشەی ئەنجام دراوە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو کارێکی سیخوڕییەو لە رێگای خەڵکانی بەکرێگیراوەوە ئێران ئەنجام داوە.

سەرچاوەکەی بە دووری زانی دەست هیچ لایەنێکی کوردی تێدابێت، بە یەکێتیشەوە، بەلآم بە دووری نەزانی خەڵکانێکی سەر بە حیزبە کوردیەکانی بە یەکێتیشەوە ئەم کارەیان بۆ ئێران کردبێت وەک کارێکی سیخوڕی، بەلآم سیاسەتی هیچ لایەنێک بە یەکێتیشەوە لەم کاتەدا ئەم کارە لەگەڵ پارتیدا ناکات.

دەربارەی بە ئامانجگرتنی کادیرانی پارتی، سەرچاوەکە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە پەیوەندی پارتی و ئێران باش نییەو، ئێران پارتی بە بەشێک لە بلۆکی سونی و ئیسرائیلی لە ناوچەکەدا تەماشا دەکات و، ئەگەریش هەیە کادیرانی تریان بە تایبەتی سەربازییەکانیان لەم ناوچەی سەوزدا رووبەڕووی هێرشی تر ببنەوە.

لە دوو شەوی رابردوودا سەرەتا بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان هێرشکرایە سەر ماڵی عەبدوڵای کوێخا موبارەک و دوێنێ شەویش لە رێگای بۆمبەوە لە گوندی کوڕە داوێ ماڵی فەرماندەی پارتی، حەمە رێگر تەقێنرایەوە، بەلآم ئەو خانوو چۆڵ بوو، هەەر بۆیە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.  


   

PM:09:47:30/09/2022