سپی زانیاری ورد لەسەر باری ئاوارەکانی شەنگال‌و ئەو هێزانەی لەوێن بڵاودەکاتەوە

‌رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل لەقەدپاڵی چیای شەنگال
لە زیاتر لە سەرچاوەیەکی هەواڵەوە کە کەسێکیان سیاسیەو ئەوی تریان رۆژنامەنووسە چیرۆکی کارەساتی ئاوارەکانی سەر چیای شەنگال باس دەکەن و، ئاماژەش بۆ ئەوە دەکەن کە تاکە دوو هێزلەسەر شاخ بن و رێگایان بۆ ئاوارەکان زامن کردبێت، گەریلاکانی پەکەکەو شەڕوانانی پەیەدەن.
سەرچاوەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان PKK بە سپی میدیای راگەیاند کە لە رۆژئاواوە سێ رێگا زامن کراوە بۆ سەر شاخی شەنگال، کە رێگایەکی زۆر ئارامەو لەو ڕێگایەوە زۆربەی ئاوارەکان گوێزراوەنەتەوەو ئێستا نزیکەی ١٠٠ هەزار ئاوارە گواستراوەتەوە بۆ رۆژئاوا، لەو ژمارەیە ٢٠ هەزاری لەکامپی نەورۆز نیشتەجێکراون لە نزیک شێ‌رۆچکەی (دیرۆک) لە رۆژئاواو نزیەکەی ٨٠ هەزاری گەڕاوەتەوە دیوی باشوری کوردستان.
زمانکۆ ئیسماعیل رۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر کە بە چەند رۆژ رێگا بڕین لە رۆژائاواوە خۆی گەیاندۆتە چیای شەنگال، باسی چەندین دیمەنی تراژیدی دەکات لەسەر بارودۆخی ئاوارەکان.
زمناکۆ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە لەتەلکۆچەر یەکینەکانی پاراستنی گەل بە قوڵی ٤٠ کم بەرووی باشوردا ( واتە لەناو خاکی عێراق)دا  داعشیان دەرپەڕاندووە لەناو ئەو ٤٠ کم دا سێ رێگایان بۆ سەر شاخی شەنگال کردۆتەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە بە رێگایەکیاندا رۆشتووە بۆ ناو ئاوارەکان کە بە سنون دا تێپەڕدەبێت. ئەو دەڵێت"سنون بەشی باکورەکەی بەدەست یەکینەکانی پاراستن گەلەوەیە، بەشی باشوورەکەشی بەدەست داعشەوەیە".
زمناکۆ وتی "ئەوەی لەرێگا و سەر چیای شەنگال دەیبینێت تراژیدایایەکی زۆر قورسەو هاوشێوەی رەوەکەی خەڵکی باشووری کوردستانە لەساڵی ١٩٩١ ە، کە پیرو منداڵ و گەنج هەمووی بەو گەرمایە لەناو تۆزو خۆڵدا، هەندێکیان بەپێی خاوس، یان پارچە پەرۆیەکی لە قاچی پێچاوە، بەچەندان کیلۆمەتر رێگا دبڕن تا ئۆتۆمبیلەکانی کانتۆنی جەزیرە هەڵیان دەگرن.
ئەو رۆژنامەنووسە باس لەچەندین مینەتی جیاجیای ئاوارەکان دەکات لەمردنی مناڵ و پیرەوە لەبەر هیلاکی و نەبوونی ئاوو خۆراک، تا دەگاتە دەستدرێژی سێکسی لە ئافرەت، زمانکۆ بە رێکەوت یەکێک لەو ئافرەتانەی بینیوە کە چەکدارانی داعش هێرشیان کردۆتە سەر خۆی و خوشکەکەشی و میڕدی خووشکەکشیان کووشتووەو دواتر بە زەحمەت لەناو شارەکەوە هەڵهاتوون بۆ سەر چایەکە.
سەرچاوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد لەسەر ژمارەی قوربانی ئاوارەکان کە لەچیای شەنگال گیانیان لەدەستداوە ئامارێکی راستەقینە لەبەردەستدا نییە، بەڵام بە سەدان دەخەمڵێنرێت.
هاوکات ئەو باسی لەوە کرد کە لە نێو ئافەرەتەکاندا چەند ئافرەتێک لەلایەن چەکدارانی داعشەوە دەستدرێژی سێکسیان کراوەتە سەرو دواتر هەڵهاتوون بۆ شاخەکە لەوێ دانیان بە کێشەکەنیاندا ناوە لەلای کەسوکاریان و داوایان کردووە بیان کوژن، بەڵام کەسکارەکەیان دەستیان تێنەچووە.
بەپێی ئەو سەرچێ‌وەیە سێ لەو ئافرەتانە خۆیان کووشتوەو لەبەرزایی شاخەکەوە خۆیان هەڵداوەتە خوارەوە.      
سەرچاوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان بە سپی میدیای راگەیاند کە کانتۆنی جەزیرە، هەموو توانای مادی و لۆجستیەکانی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ یارمەتیدان و گواستنەوەی ئاوارەکان، ئەو دەڵێت" رۆژانە بەسەدان ئۆتۆمبیلی جیا جیای پیکاب و پاسی بچووک و لۆری ٧٠ کم دەبڕن هەتا دەچنە بەردەم شاخی شەنگال و لەوێ ئاوارەکان هەڵدەگرن و دەیانگوازنەوە بۆ رۆژئاوا".
زمناکۆ ئیسماعیلی رۆژنامەوانیش هەمان زانیاری پشتڕاستکردوەو وتی" بەیانیان زوو بەسەدان ئۆتۆمیلی کانتۆنی جەزیرە کەهەندێکیشیان موڵکی هاوڵاتیانن خستویانەتە خزمەتی ئیدارەی جەزیرەوە هەموو رۆژێک لەبەیانیەوە بەپڕی لە خۆراک و ئاو لەتەلکۆچەرەوە دێن و لەنزیک چیاکە بارەکەیان دادەگرن و گەریلا سەری دەخات بۆ سەر شاخ و ئۆتۆمبیلەکانیش ئەو ئاوارانە سوار دەکەن کەلەشاخەکە هاتوونەتە خوارەوە و دەیانگوێزنەوە بۆ رۆژئاوا.
سەرچاوەکەی سپی لەناو پەکەکە وتی" ئاوارەکان نزیکەی لە ٩٠% کوردی ئێزیدین، بەڵام تورکمانی شیعەو عەرەبی شیعەشیان لەناو دایە".
سەبارەت بە هەبوونی هێزی پێشمەرگەو گەریلا، زمناکۆ ئیسماعیل باس لەوە دەکات کە بەدرێژایی رێگا تا دەگاتە بناری چیاکە لە ژێر کۆنترٶڵی یەکیەنەکانی پاراستنی گەلدایە، لەبناری چیاکەش بۆ سەرەو لەژێر کۆنترۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستاندایە.
هەر یەک لە رۆژنامەنووس زمناکۆ ئیسماعیل و سەرچێ‌وەکەی سپی لەناو پارتی کرێکارانی کوردستان بە سپی میدیان راگەیاند کە نە لەرێگا نە لەسەر چیا هێزی پێشمەرگە بەدیناکریت تەنها لە دوو شوێن نەبێت.
زمانکۆ ئیسماعیل وتی لەدەوری سنون هێزێکی بچووکی پارتی لە بارەگایەکی خۆیاندان لە نزیک گووندێکن. 
سەرچاوەکەی ناو پەکەکەش ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێزێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی هەڵۆ پێنجوێنی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی کە ژمارەیان لەسەروو سەد پێشمەرگەوە دەبێت، ئەوانیش لە رۆژانی رابردوودا گەیشتوونەتە سنون و لە جێگایەک لەو دەڤەرە نیشتەجێ بوون.
سەرچێ‌وەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان وتی" پارتی و یەکێتی هیچ هێزێکی رێکخراوی پێشمەرگەیان لە شاخی شەنگال نییە، پارتی چەند جارێک بە کۆپتەر هێزی بچووک بچووکیان هێنا، بەڵام زوو رۆشتوونەتەوەو نەماونەتەوە"، ئەو وتی "خەڵكانی پەرتەوازەی پارتی کە چەکیان پێیە لە ناو ئاوەرەکان لەسەر چیا بەدیدەکرێن". 
سەرچاوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان سبارەت بە بەرنامەی پەکەکەو پەیەدە بۆ ئاوارەکانی شەنگال و دواتر بۆ رزگارکردنی شێ‌ری شەنگال " سەرەتا دەبێت کێشەی ئاوارەکان چارەسەربکرێن دوور بخرێنەوە لە شوێنی شەرەکەو لەسەر چیا".
وەک ئاماژەی بۆ کرد کە هەنگاوی دووەمی پەکەکە کە نزیکە " رزگارکردنی شەنگالە".
پەیەدەو پەکەکە ئێستا لەناو ئاوارەکانی چیای شەنگالدا هەموو ئەو ئاوارە گەنجانە ناونووس دەکەن و رێکدەخەن کە دەیانەوێت بەشداربن لە رزگارکردنی شنگالدا و بەقسەی زمناکۆ ئیسماعیل ژمارەی ئەوانەی خۆیان ناونووس کردووە دەگەنە ١٥ هەزار گەنج. 
 



PM:09:53:14/08/2014