مەسرور بارزانی: پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازی


سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، پاراستن و پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ بەشێكی گرنگ و سەرەكییە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم و پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازی.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی بەشداریكردنی لە كۆنفرانسی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر پەسەندكردن و جێبەجێكردنی پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند "ئەم پلانە نەخشە رێگایەكی گشتگیرە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان پەسند كراوە، لەپێناو برەودانی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا لە پێنج ساڵی داهاتوودا لە هەموو بوارەكاندا، پاراستن و پەرەپێدانی مافەكانی مرۆڤ بەشێكی گرنگ و سەرەكییە لە كارنامەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە بواری پاراستن و داكۆكیكردن لە بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێم،  هەروەها بەهێزكردنی بنەماكانی ئازادی، دیموكراسی، نەهێشتنی توندوتیژی، جیاكاری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ بە گشتی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكرد "پابەندبوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە پەرەپێدانی كولتووری پێكەوەژیانی ئایینی، نەتەوەیی و پاراستنی ئازادییە تاكە كەسی و گشتییەكان و بەرگریكردن لە بەها دیموكراسییەكان دووپات دەكەینەوە".

هەروەها وتی "ئێمە پلانێكی چاكسازی هەمەلایەنەمان هەیە، ئومێدەوارین پشت بە خوا و خەڵكی هەرێمی كوردستان و دۆستانمان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەربەست و ئاستەنگەكان تێپەڕێنین و بەرەو قۆناغێكی پێشكەوتووتری حوكمڕانی هەنگاوبنێین، كە خزمەتكردنی هاووڵاتییان و پاراستنی مافەكانیان سەنتەری گرنگی پێدان و ئامانجی لەپێشینەی حكومەت بێت".

مەسرور بارزانی وتیشی "پلانی هەرێمی كوردستان بۆ مافەكانی مرۆڤ بەشێكە لە پرۆسەی چاكسازی كابینەی نۆیەم، ئەم پلانە بە وردی داڕێژراوە و راوبۆچوونی دەسەڵاتەكانی دادوەری، سەرۆكایەتی هەرێم، سەرۆكایەتی پەرلەمان، نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ هاوكاریكردنی عێراق، كۆمەڵگەی مەدەنی و رێكخراو و ئاژانسە ناحكومییەكان و نێردە دیپلۆماسییەكان لە هەرێم وەرگیراوە و ئێستا لە قۆناغی جێبەجێكردندایە".





AM:11:51:06/10/2022