ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" عەقید هاوکار ئەو ئەفسەرەى لە تەقینەوەکەى هەولێر کوژرا، بەهۆی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو دەزگای زانیاری ئەرکەکەی گواستبوویەوە هەولێر".
ئەنجومەنەکە لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە ئاماژەى بەوەکردووە" ئەمڕۆ هەینی کاتژمێر (١٢:٢٠)ی پاشنیوەڕۆ، لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر لە کردەوەیەکی تیرۆریستیدا ئەفسەرێکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری/ زانیاری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە ناوی هاوکار عەبدوڵڵا ڕەسووڵ، کە لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ناکۆکی و ململانێیەکانی ناو دەزگای زانیاری ئەرکەکەی خۆی گواستبوویەوە بۆ شاری هەولێر، لە ڕێگەی دوو بۆمبی لکێندراو بە ئۆتۆمبێلەکەیەوە کرایە ئامانج، بەداخەوە شەهید بوو، هاوکات چوار سەرنشین کە لە هاوسەرەکەی و دوو منداڵی و خوشکێکی پێک هاتبوون، بریندار بوون".
ئەوەشی خستەڕوو، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان زۆر بە توندی ئەم کردەوە تیرۆریستییە ترسنۆکانەیە سەرکۆنە دەکات و، لێکۆڵینەوەکانیان لەو بارەوە دەست پێ کردووە و بکەرانی ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.