(فەخری شەهاب) ئەندازیاری گۆڕینی دراوی کوێت کۆچی دوایی کرد

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ فەخری شەهاب ئابوریناسی ناسراوی کوێت لە تەمەنی (١٠١) ساڵیدا کۆچی دوایی کرد. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی کوێت، ئابوریناس دکتۆر فەخری شەهاب ناسراو بە باوکی گۆڕینەوەی دراوی کوەیتی لە ڕوپییەی هیندییەوە بۆ دینار، بەهۆی نەخۆشییەوە لە تەمەنی (١٠١) ساڵی گیانی لەدەستدا. 

فەخری شەهاب لە ساڵی (١٩٢١) لە شاری بەسرە لە دایکبووە، دوای بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە یاسا بۆ لەندەن، ساڵی (١٩٤٥) عێراقی بەجێهێشتووە، یەکێک بووە لە یەکەم عەرەبەکان کە بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئابووری لە زانکۆی بە ناوبانگی ئۆکسفۆرد بەدەستهێناوە.

شەهاب لە ساڵی (١٩٥٩) ڕەگەزنامەی کوەیتی بەدەستهێناوە، چونکە پەیوەندییەکی تایبەتی لەگەڵ ئەمیری پێشووی کوەیت، شێخ جابر ئەحمەد جابر سەباح هەبووە، ناوبراو به‌رپرسی وه‌زاره‌تی دارایی و موڵکی گشتی بووه‌، کە سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی دراوی کوێت بوو، یه‌که‌م دراوی کوێتی ده‌رکرد و له‌ ساڵی (١٩٦٨) گواسترایه‌وه‌ بۆ بانکی ناوه‌ندی کوێت.

شەهاب بەشداری لە دامەزراندنی ژمارەیەک دامەزراوەی گەورەی ئابووری کوێت کرد، وەک سندوقی کوێت بۆ گەشەپێدانی ئابووری عەرەبی و نووسینگەی وەبەرهێنانی کوێت لە لەندەن، هەروەها بەشداری کردووە لە دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای پلاندانان و سندوقی یەدەگی نەوەکانی داهاتوو.

ئەم ئابوریناسە دیارەی کوێت، زمانی فەرەنسی شارەزا بووە و توێژینەوەیەکی زۆریشی لە بوارەکانی ئابووری و فیکریدا نووسیووە، هەروەها کۆمەڵێک شیعری سۆفی نووسیووە.


AM:10:28:12/10/2022