كاندیدی پارتی بۆ سەرۆك كۆمار دەكشێنێتەوە


ئەمڕۆ رێبەر ئەحمەد، كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لەو پڕۆسەكە كشایەوە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شاری هەولێر دەست ماڵپەڕی (سپی) كەوتووە، لەگەڵ جێگیربوونی لەتیف رەشید وەك كاندیدێكی پەسەندكراو لەلایەن پارتییەوە و بەرگرتن لە بەرهەم ساڵح كە ببێتە سەرۆك كۆمار، پارتی پاشەكشە بە رێبەر ئەحمەد، كاندیدەكەی بۆ ئەو پۆستە دەكات.

هەریەك لە پارتی و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەنهێنی رێككەوتوون بۆ دەرچوواندنی د.لەتیف رەشید، كاندید بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق لە بری د.بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست (سپی) كەوتوون، هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت (لە سوننەكان محەمەد حەلبوسی و خەمیس خەنجەر، لە شیعەش نوری مالكی) بەنهێنی رێككەوتوون كە لە كۆبوونەوەی سبەینێی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار دەنگ بە بەرهەم ساڵح، كاندیدی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بۆ ئەو پۆستە نەدەن و لە بەرامبەردا دەنگ بە د.لەتیف رەشید، كاندیدی سەربەخۆ بۆ ئەو پۆستە بدەن.

زانیارییەكانی سەرچاوەكە ئاماژە بەوە دەكەن، لەو رێككەوتنە نهێنییەدا یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە دوور و نزیك ئاگادار نییە، تەنانەت بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی لە نوری مالكی تووڕە بووە كە لە پشتگیریكردنیان بۆ بەرهەم ساڵح، لەگەڵیان راستگۆ نەبوون.

لەماوەی ئەمساڵدا پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق ململانێیان بوو، هەرچی یەكێتییە سوورە لەسەر كاندیدكردنەوەی بەرهەم ساڵح، پارتیش رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

لەتیف رەشید، هاوسەری شاناز ئیبراهیم ئەحمەدە و ئاوەڵزاوای جەلال تاڵەبانی، سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق و سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە، بەڵام وەك كاندیدی سەربەخۆ، خۆی بۆ ئەو پۆستە كاندید كردووە.

هەروەها هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتی نوری مالكی لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاندووە "ئێمە پێشوازی لە دەستپێشخەریی حیزبی دێموكراتی كوردستان دەكەین بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی بە كشانەوەی كاندیدی سەرۆك كۆماری و پشتیوانیكردنی كاك عەبدوللەتیف ڕەشید وەك كاندیدێكی تەوافوق لەناو ماڵی كورد".
 
راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "وەك چۆن ئەم دەستپێشخەرییە زۆر بەرز دەنرخێنین، كە گوزارشت لە ئەولەویەتی بەرژەوەندی گشتی دەكات بەسەر بەرژەوەندییە حزبییەكان بە مەبەستی بەدەستهێنانی كۆدەنگی نیشتمانی خوازراو بۆ تەواوكردنی سوودە دەستوورییەكان، لە پێش هەموویانەوە هەڵبژاردنی سەرۆكی كۆمارە لە دانیشتنی پەرلەمان كە بڕیارە بەڕێوەبچێت سبەینێ پێنجشەممە پشتگیری تەواوی خۆمان بۆ ئەم هەنگاوە دووپات دەكەینەوە و داوا لە هەموو لایەك دەكەین مامەڵەی لەگەڵ بكەن بەو پێیەی تاكە ڕێگایە بۆ كۆتایی هێنان بە دۆخەكە".


لەلایەكی دیكەشەوە رێبەر ئەحمەد، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، كشانەوەی خۆی لەو پۆستە راگەیاند.




PM:02:52:12/10/2022