بارەگای بارزانی: پارتی حزبی شکان نییە

بەرپرسی کاروباری پەرلەمان و حکومەت لە بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا وەڵامی بافڵ تاڵەبانی دایەوە و دەڵێت، "پارتی حزبی شکان نییە".  

ئامینە زیکری، بەرپرسی کاروباری پەرلەمان و حکومەت لە بارەگای بارزانی لە بڵاوکراوەکەدا ئاماژەی بەوەکردووە" پارتی حزبی شکان نییە، نە بەتۆ، نە بەوانەی پێش تۆ، نەبەوانەی دوای تۆ دێن، ئەوەندەی من زانیبێتم، بیستبێتم، مێژووم خوێندبێتەوە، لەوپەڕی بچووکەوە تا ئەو پەڕی گەورە کاتێک شەڕی سەپاندنی ئیرادە کرابێت لەگەڵ پارتی ئەوەی شکاوە پارتی نەبووە، ڕاستگۆیی و بەڵێن بنەمای سەرکەوتنە بۆیە هەر هێزێک ئەمە بنەمای کارکردنی بێت مێژوو شاهێدی بۆ دەدات وەک هێزێکی خاوەن پرەنسیپ و خاوەن متمانە لە دانوستاندا".   

ئەوەشی خستەڕوو، دواجاریش ئەو پڕەنسیپە سەرکەوت کە نابێ کەسێک بەسەر ئیرادەی گەلی کوردستاندا بسەپێندرێت.  

ئێوارەی ئەمڕۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری نوێی عێراق، بافڵ تاڵەبانی پەیامێکی ئاڕاستەی پارتی کرد و ڕایگەیاند" کاندیدی پارتی، هۆشیار زێباری شکاندمان، ریبەر ئەحمەد بوو شکاندامان".


PM:09:50:13/10/2022