تۆمەتبارێكی "مەترسیدار" دەستگیركرا


ئاسایشی سلێمانی رایدەگەیەنێت، تۆمەتبارێك چوار ساڵ لەمەوبەر هاوڵاتییەكی كوشتووە و دواتر هەڵهاتووە بۆ توركیا، بەڵام هەفتەی رابردوو گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی بەمەبەستی كوشتنی كەسێكی دیكە، بەڵام پێش ئەنجامدانی كارەكە، دەستگیركراوە. 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە "رۆژی ٩ / ٤ / ٢٠١٨ ھاوڵاتی (جەزا ئەحمەد سەعید) لەلایەن تاوانبار (ئیدریس ئیبراھیم سابیر كەریم) لەبەردەم تەلاری سالم لە شەقامی سالم لە شاری سلیمانی   بەچەكی جۆری دەمانچە دەكوژرێت و پاش ئەنجامدانی تاوانەكە لەدەست ھێزە ئەمنییەكان ھەڵدێت بۆ وڵاتی توركیا، لەلایەن دادوەری لێكۆڵینەوەی كەرتی ڕزگاری بەپێی مادەی (٤٠٦) لەیاسای سزادانی عیراقی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەردەچێت".

راگەیەنراوەكە ئاماژەی بەوەكردووە "سەرەڕای خۆبەدەستەوەنەدانی و ھەڵھاتنی لە یاسا و پەند وەرنەگرتنی لە تاوانەكەی،  بە مەرامی ئەنجامدانی  تاوانێكی تری كوشتن بە پاسپۆرتێكی ساختەی عیراقی خۆی دەگەیەنێتە كۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژی ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ بە قاچاغ دەگەڕێتەوە سلێمانی و پیلان دادەنێت بۆ كوشتنی ھاوڵاتی (ب ، ئ)".

هەروەها دەڵێت "پاش دەستكەوتنی زانیاری لەسەر ئەم كەیسە ھێزەكانمان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد، پاش ڕەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش بە بڕیاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی تاوانبار خرایە ژێر چاودێری و لە رۆژی ١٤ / ١٠ /٢٠٢٢ لەگەڵ چەند تۆمەتبارێكی تر دەچێتە بەردەم دوكانی كەسی مەبەستی بۆ  ئەنجامدانی تاوانەكەی، بەڵام لەلایەن ھێزەكانمانەوە دەستگیركرا سەرەڕای ئەوەی روبەڕووی تیمەكەی ئاسایش بوووە، سەرئەنجام قۆڵبەستكراو لەگەڵ تۆمەتبارانی تری پەیوەست بەم ڕووداوە رادەستی یاسا كرا تا ئەم كەیسە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت".



PM:09:18:18/10/2022