بکوژەکەی سەهۆڵەکەی سلێمانی دەستگیر کرا


ئەو بکوژەی چوار ساڵ لەمەوبەر لەبەر قەرز هاوڵاتییەکی بەسەری ساردەوە لە چێشتخانەیەکی بچووکی بازاڕێکی سەهۆڵەکەی سلێمانیدا کوشت و دوای هەڵهات بۆ دەرەوەی هەرێم، بەم دواییە گەڕاوەتەوە سلێمانی و لەهەمان شوێن سەهۆڵکە کەسێکی تر بکوژێت، ئاسایش دەستگیریکرد. ( سپی ) زانیاری وردتر بڵاودەکاتەوە.

وەک ئاسایشی سلێمانی بڵاویکردۆتەوە، "رۆژی ٩ / ٤ / ٢٠١٨ ھاوڵاتی (جەزا ئەحمەد سەعید) لەلایەن تاوانبار (ئیدریس ئیبراھیم سابیر كەریم) لەبەردەم تەلاری سالم لە شەقامی سالم لە شاری سلیمانی   بەچەكی جۆری دەمانچە دەكوژرێت.

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست ماڵپەڕی " سپی " کەوتووە ئەو بکوژە دوای ئەنجامدانی ئەو تاوانە بە کسیەک بەکرێ دەگرێت و دەچێتە ماڵی بەرپرسێکی باڵای حوکمی، مەفرەزەیەکی پۆلیس کە بە دوایەوەن دەچنە سەر ماڵەکە، بەڵام بەرپرسەکە ناهێڵێت بچنە ماڵەکەیەوەو پشکنین بکەن و بیدۆزنەوە، مەفرەزەکەی پۆلیس شوێنەکە چۆڵناکەن تا ئەو دەمە بەرپرسێکی باڵای حیزبی نا‌هێڵیت تۆمەتبارەکە بگرن و کامێراکانیش ببەن، ئیتر لەوێوە شوێن پێی ئەم ئیدریس ئیبراهیم ون دەبێت، بۆ ماوەی چەند مانگێکیش ئەو خاوەن تاکسیە دەستگیردەکرێت کە تەنها وەک شۆفێرێک گەیاندوویەتی بە ماڵی بەرپرسە حوکمییەکە.  

وەک ئاسایش لە راگەیاندنەکەیدا بڵاویکردۆتەوە ئەو "سەرەڕای خۆبەدەستەوەنەدانی و ھەڵھاتنی لە یاسا و پەند وەرنەگرتنی لە تاوانەكەی،  بە مەرامی ئەنجامدانی  تاوانێكی تری كوشتن بە پاسپۆرتێكی ساختەی عیراقی خۆی دەگەیەنێتە كۆماری ئیسلامی ئێران و رۆژی ١٣ / ١٠ / ٢٠٢٢ بە قاچاغ دەگەڕێتەوە سلێمانی و پیلان دادەنێت بۆ كوشتنی ھاوڵاتی (ب ، ئ)".

لەبارەی دەستگرکردنەکەیەوە ئاسایش دەڵێت" پاش دەستكەوتنی زانیاری لەسەر ئەم كەیسە ھێزەكانمان دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد، پاش ڕەزامەندی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش بە بڕیاری بەڕێوەبەری ئاسایشی پارێزگای سلێمانی تاوانبار خرایە ژێر چاودێری و لە رۆژی ١٤ / ١٠ /٢٠٢٢ لەگەڵ چەند تۆمەتبارێكی تر دەچێتە بەردەم دوكانی كەسی مەبەستی بۆ  ئەنجامدانی تاوانەكەی، بەڵام لەلایەن ھێزەكانمانەوە دەستگیركرا سەرەڕای ئەوەی روبەڕووی تیمەكەی ئاسایش بوووە، سەرئەنجام قۆڵبەستكراو لەگەڵ تۆمەتبارانی تری پەیوەست بەم ڕووداوە رادەستی یاسا كرا تا ئەم كەیسە ڕێڕەوی یاسایی خۆی وەربگرێت".



PM:10:28:18/10/2022