رۆمینا پوورمۆختاری دەبێتە گەنجترین وەزیری سوید

‌رۆمینا پوورمۆختاری وەزیری نوێی گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی سوید
رۆمینا پوورموختاری کە کچێکی تەمەن (٢٦) ساڵانە و بە رەچەڵەک ئێرانییە، وەک وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی سوید دیاریکرا و بەوەش بووە گەنجترین وەزیری كابینه‌ی نوێی وڵاته‌كه‌.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، رۆمینا پوورمۆختاری تەمەن (٢٦) ساڵ وەك وەزیری گۆڕانی کەشوهەوا و ژینگەی سوید دەستنیشانكراوە، بەمەش گەنجترین كەسە تا ئێستا سەركردایەتی ئەو وەزارەتە بكات.

ڕۆمینا دوای دەستنیشانکردنی وەکو وەزیر لە لێدوانێکدا بە میدیای سویدی راگەیاند" كاتێك خۆم كاندید كرد بۆ ئه‌م پۆسته‌، به‌ ڕوونی ئه‌وه‌م خسته‌ڕوو كه‌ ده‌مه‌وێت گۆڕانكاری له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بكرێت و ئه‌وه‌ش ڕووی داوه". 

وتیشی" دەبێت ئێمە سیاسەتێک پەیڕەو بکەین کە رەنگدانەوەی ویست و خواستی هاوڵاتییانی سوید بێت". 

ڕۆمینا بەشێکە لە کابینەی سەرۆک وەزیرانی تازە هەڵبژێردراو ئوڵف کریستەرشۆن، ناوبراو لەلایەن دیموکراتە ڕاستڕەوەکانی سویدەوە پشتگیری دەکرێت.

کابینەی نوێی حکومەتی سوید لە (٢٤) وەزارەت پێکهاتووە، کە (١٣) وەزارەتیان بە دەست پیاوان و (١١_یان بەدەست ژنانەوەن، لەو ژمارەیەش مۆدێرتەکان (١٣) وەزارەت و کریستیانە دیموکراتەکان شەش و لیبڕاڵەکان پێنج وەزارەتیان وەرگرتووە.

له‌ كابینه‌ی پێشوودا گەنجترین وەزیر ئایدە هادزیالیچەی تەمەن (٢٧) ساڵان بوو، کە لە ساڵی (٢٠١٤) وەزیری خوێندنگەی ناوەندی باڵا و پەروەردەی سوید بوو. 

حکومەتی نوێی سوید لە سەردەمی سەرۆک وەزیران ئوڵف کریستەرشۆن کە دوێنێ سێشەممە ڕاگەیەندرا، گەنجترین وەزیری کابینەی سوید لە خۆدەگرێت.

رۆمینا پوورمۆختاری لە ١٢ی تشرینی دووەمی ١٩٩٥ لە گەڕەکێکی شاری ستۆکهۆڵی پایتەختی سوید لەدایکبووە، بەڵام دایک و باوکی خەڵکی ئێرانن، رۆمینا ئەندامی پارتی لیبراڵی سویدییە، پێش ئەوەی ببێتە وەزیر سەرۆکی بەشی لاوانی پارتی لیبراڵ و چالاكوانی ژینگه‌ بووە.

ڕۆمینا باوکی بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دایکی زەهرا توتونچی بە ڕەچەڵەک خەڵکی بوکان لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە.


AM:11:52:19/10/2022