"وەزیری نەوت زیانی 820 ملیار دۆلاری لە عێراق داوە"


پەرلەمانتارێكی عێراق رایدەگەیەینَت، وەزیری نەوت و چەند بەرپرسێكی دیكە، بەرپرسن لە زیانگەیاندنی عێراق بە زیاتر لە 820 ملیار دۆلار.

زەهرە ئەلبیجاری، سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندییەكان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاندوە "لە كاتێكدا رای گشتی سەرقاڵە بە هەواڵی دزرانی 3 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری دەستەی گشتی باج، بەڵام گەندەڵییەكی دیكە هەیە كە نەخراوەتەڕوو، تێیدا وەزیری نەوت و حكومەتەكەی كازمی لە دوو ساڵی رابردوودا لە وەزارەتی نەوت تێوەگلاون".

ناوبراو ئاماژەی بەوەداوە "بە گوێرەی راپۆرتێكی وردبینی لە دیوانی چاودێری دارایی، لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای بی پی و پێترۆچاینای چینی بۆ پەرەپێدانی كێڵگەی رومێلە، زیانی 825 ملیار و 520 ملیۆن دۆلاری بە عێراق كەوتووە، بۆیە پێویستە كۆمپانیای وردبینی بیانی لێكۆڵینەوە بكات، تاكو زیانە راستەقینەكان ئاشكرابن و پێشییان لێبگیرێت".

هەروەها وتویەتی "لە دەستكاریكردنی گرێبەستەكان، پشكی كۆمپانیای سۆمۆ لە سەدا 25ـەوە بۆ سەدا 6 كەمكراوەتەوە، واتە سەدا 19ـی پشكی عێراق زیانی بەركەوتووە، هەروەها ماوەی گرێبەستەكەش لە 20 ساڵەوە بۆ 25 ساڵ درێژكراوەتەوە. ئەمەش دەبێتە یەكێك لە گەورەترین تاوانەكان بەرامبەر بە ئابووری عێراق كرابێت".



PM:04:51:19/10/2022