کازمی: دۆخی ئێستای عێراق ڕووی لە باشییە

سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق ئەمشەو لە کۆتا وتاریدا ڕایگەیاند" توانمان متمانەی خەڵک بە حکومەت بگەڕێنینەوە و ڕێگریمان لە ڕشتنی خوێنی خۆپیشاندەران کرد". 

مستەفا کازمی لە وتارە ماڵئاوایییەکەیدا، کە لەلایەن نووسینگەی میدیای خۆیەوە بڵاوکرایەوە ڕایگەیاند" من سکرتاریەتی نیشتمانی لە سەرکردایەتی عێراق ڕادەستی محەمەد شیاع سودانی دەکەم، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی خۆی و تەواوکردنی گەشتی خزمەتکردنی گەلەکەمان". 

لە بەشێکی تری وتارەکەیدا کازمی پێشنیاری کرد کە هەموو هێزە سیاسییەکان" پشتیوانی لە هەموو هەوڵێکی حکومەتی نوێ بکەن لەسەر ڕێگای سەقامگیری و گەشەکردن، هەروەها بەرگری لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بکەن، هەروەها ئەو کەسانە ئاشکرا نەکرێت کە لە بەرامبەر ئەم ئەرکە بەرزەدا دەوەستنەوە بۆ تەحەداکردن و خراپ بەکارهێنان و زەوتکردن لەسەر حیسابی بەرژەوەندی خەڵک و نیشتمان". 

سەرۆک وەزیرانی عێراق پێی وایە، ئەو ئەمانەتەکەی گەیاندە ئەو وڵاتە و وڵاتەکە تەنها لە دۆخێکی باشتردا نییە، بەڵکو عێراق خێراترین گەشەسەندنی ئابووری عەرەبییە لە ساڵی (٢٠٢٢)دا. 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی" یەکێک لە گرنگترین ئەولەویەتەکانمان پاراستنی پارەی گشتی و زیادکردنی خەزێنە و یەدەگەکان بوو، بە فیڕۆنەدانی پارەی خەڵک، وەک هەندێک بانگەشەیان بۆ دەکەن بە ئامانجی لادانی بەرپرسیارێتی لەو کەسانەی کە لە ڕاستیدا تێوەگلاون لە دۆسیەکانی گەندەڵی". 

کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە" قەیرانی ئابووری پێویستی بە رێوشوێنی عەقڵانی درێژخایەن هەیە، کە لە چاکسازییە ئابوورییەکاندا دامانناوە، کە هیوادارین بەردەوام بێت بۆ پاراستنی داهاتووی نەوەکانمان".

وتیشی" هەموو هەوڵێکمان دا لە پێناو گێڕانەوەی متمانەی خەڵک بە حکومەتەکەیان و هەروەها هێزەکانمان ڕاهێنا کە بەشێوەی مەدەنی مامەڵە لەگەڵ خەڵک و خۆپیشاندەران بکەن و بەرزکردنەوەی چەکمان بەڕووی خۆپیشاندەران قەدەغە کرد".  

سەبارەت بە دۆخی ئەمنی، مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەدا" ئەمڕۆ دۆخێکی ئەمنی یەکگرتوو دەگەیەنێت کە تیایدا گیرفانی تیرۆر نەهێڵراوە، هەروەها هێزە ئەمنییەکان بە هەموو جۆرەکانیانەوە بەهێزکراون، بە مەشقی پیشەی و کەرەستە و چەک، کە بووەتە هۆی، زیادکردنی ڕیزبەندی جیهانی سوپای عێراق لە (٥٧ بۆ ٣٤)، و حکومەت ناچار دەبێت لەسەر هەموو ئەمانە بنیات بنێت و پەرەی پێبدات، بەردەوام بێت لە پشتگیریکردنی سوپا و خزمەتگوزارییە ئەمنییەکان، و پاراستنی ئاشتی کۆمەڵایەتی". 

کازمی لە کۆتایی وتارەکەیدا جەختیشیکردەوە، ئەمڕۆ ئێمە بەرپرسیارێتی ڕادەستی حکومەتی نوێ دەکەینەوە، عێراقیش بەهرەمەندە لە زیادبوونی پێزانینی ناوچەی و نێودەوڵەتی، هەروەها بووەتە شوێنێکی مەبەست بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییە ئاڵۆزەکان، کە تێیدا کۆنفرانسی ناوچەی و نێودەوڵەتی بەڕێوەدەچێت. 


PM:09:36:27/10/2022