پارتی: ناكرێت یەكێتی لە بەهانە بگەڕێت بۆ باسكردن لە دوو ئیدارەیی

سەركردەیەكی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت "ناكرێت یەكێتی لە بەهانە بگەڕێت بۆ باسكردن لە پرسی كشانەوە لە حكومەت و دوو ئیدارەیی و ناشكرێت هەموو پرسەكان ببەسترێنەوە بە حكومەتەوە".  

جەعفەر ئیمینكی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند "بێسەروبەرییەك هەیە لە پەیوەندییەكان، ئەوەش پەیوەندی بەو تیمەی یەكێتییەوە هەیە كە پەیوەندییەكان بەڕێوە دەبەن، چونكە ناكرێت هەموو پرسەكان ببەسترێنەوە بە حكومەت كە كاری خۆی دەكات".  

ئیمینیكی روونیكردەوە "ئەو گرژییە پەیوەندی بە هەندێ دۆسیەی ئەمنی هەیە و نابێت لایەنەكان ببەنە بەشێك لەو دۆسیانە و پێویستە حكومەت كاری خۆی بكات".  

ناوبراو وتی "پێشتر چەند كێشەیەك هەبووە و هەوڵی چارەسەركردنی دەدرا، لەوانە كوژرانی كادیرێكی پارتی لەچەمچەماڵ، بوونی فەوجێك لەسنوری چەمچەماڵ كە رێككەوتن كرا ببرێتە پردێ، بەڵام كوژرانی هاوكار جاف لەناوجەرگەی هەولێر رووداوێكی زۆر گەورە بوو".  

  

هەروەها وتیشی "نابێت یەكێتی لەبەهانە بگەڕێت بۆ ئەوەی باسی كشانەوە لە حكومەت و دوو ئیدارەیی بكات، ئەم مەسەلانە لەو ئاستەدا نین ئەگەر بمانەوێت پەیوەندییەكان بەرەو باشتر ببەین".



PM:10:42:01/11/2022