ئەندامێکی باڵای کۆنگرەی پارتی: تا مەسعود بارزانی زیندووبێت دوو باڵی لەناو پارتیدا نییە


ئەندامی باڵای لیژنەی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی باڵ باڵێنەوە دەڵێت" تا ئەو زیندوو بێت شتێک بەناوی دووبەرەکی و دوو باڵی لەنێو پارتیدا نیە و نابێت."

ئیحسان ئامێدی، ئەندامی باڵای لیژنەی کۆنگرەی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت" پارتی یەک ئاڕاستە و سەرۆک و مەنهەج و ڕێبازی هەیە، بۆیە ئەوەی کە خەڵکێک دەڵێت دوو باڵ لەنێو پارتیدا هەیە و هەر یەکێک لەوانە بۆ خۆیی دەوێت و ڕادەکێشێت، سەرۆک بارزانی سەرۆکی پارتیە و لەلایەن هەموو پارتیەوە سەرۆکێکی خوشەویستە و کاریزماکەشی کاریگەری لە هەموو کەسێک دەکات، ئەو شتەی کە ئەو دەیڵێت خەڵک گوێی لێ ڕادەگرێت. تا ئەو زیندوو بێت شتێک بەناوی دووبەرەکی و دوو باڵی لەنێو پارتیدا نیە و نابێت."

لەبارەی هەبوونی لیستی جیاوە، جگە لە لیستی بارزانی، ئیحسان ئامێدی  دەڵێت" "لیستەکان هەن بەڵام هەموو ئـەندامانی کۆنگرە ئازادن کە خۆیان کاندید بکەن و هەمووشیان مافی ئەوەیان هەیە ئـەو کەسە دەستنیشان بکەن کە خۆیان حەزیان لێ هەیە. واتا لیستێکی ئیلزامی نییە کە بتەوێ یاخود نا هەر دەنگی خۆتی پێ دەدەی. بەڵام خەڵکی ڕێزگرتنی هەیە بۆ لیستێک ئەگەر لە لایەن جەنابی سەرۆک بارزانیەوە دروستکرابێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی داهاتوودا ئەو سەرکردایەتیەی کە هەڵدەبژێردرێن لە ئاستی بەرپرسیاریەتی بێت لەگەڵ سیاسەتی داهاتووی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان."

دوای تێپەڕبوونی ١٢ ساڵ کۆنگرەی ١٤ پارتی ئەمڕۆ لە دهۆک بە بەشداری نزیکی هەزار ئەندام دەستیپێکرد کە رێژەی ژنان لە ٢٥% ەو، بڕیارە سێ رۆژ بخایەنێت، لە یەکەم رۆژدا رووداوی دیار هەڵبژاردنەوە مەسعود بارزانی بوو بە چەپڵە رێزان بۆ سەرۆکی حیزب و، گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتی بوو لە یەک جێگرەوە بۆ دوو جێگری سەرۆک  و، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی بە چەپڵە ڕێزان هەردووکیان کران بە جێگری مەسعود بارزانی.



PM:07:39:03/11/2022