دوو داوای یاسایی لە ئارام شێخ محەمەد برایەوە


رۆژنامەنووسێك دوو سكاڵای یاسایی لە ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بردەوە.

ماڵپەڕی پەرەَگراف بڵاویكردەوە "سوركێو محەمەد، سەرنووسەری ماڵپەڕەكەیان ئەمڕۆ دوو داوای یاسایی لە ئارام شێخ محەمەد، جێگری پێشووی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بردۆتەوە و وتویەتی سكاڵاكان بە تۆمەتی "ناوزڕاندن" لە چەند ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانیدا تۆماركرابوون كە بە بەڵگەوە لە ساڵی ٢٠١٩دا بڵاوكرابوونەوە لەبارەی نەگەڕاندنەوەی ژمارەیەك ئۆتۆمبێل لەلایەن ئارام شێخ محەمەد بۆ دەوڵەت دوای تەوابوونی كارەكەی لە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق".  

بەپێی هەواڵەكە "ئەمڕۆ لە دووەم دانیشتنی دادگادا لەسەر ئەو سكاڵایانە، سوركێو محەمەد سەرنووسەری پەرەگراف و پارێزەرەكانی ئامادەبوون كە لەڕێكخراوی پەرەپێدانی دیموكراسی و مافی مرۆڤ(DHRD) و لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەرگری لە ڕای ئازاد بە پاڵپشتی یەكێتی ئەوروپائەركی پارێزەرایەتییان گرتبووە ئەستۆ".  

هەروەها وتویەتی "لە دانیشتنەكەدا دادوەر بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەریی تۆمەتی ڕوبەڕوی سەرنووسەری پەرەگراف كردەوەو ئەویش تۆمەتەكانی ڕەتكردەوە، پاشان داواكاری گشتی پاڵپشتی سەرنووسەری پەرەگراف و ئەو بەڵگەنامە فەرمییانەی كرد كە پێشكەشی دادگای كردوون و وتی، داوای ئازادكردنی دەكەین بەو پێیەی هیچ تەشهیرێكی نەكردووەو بەڵگەی پێویستی خستووەتەڕوو".

ئاماژە بەوەشكراوە "دواتر دادوەر بڕیاری دادگای ڕاگەیاند و بە سەرنووسەری پەرەگرافی وت "لەبەرئەوەی بەڵگەی پێویست نییە لەسەرت دادگا بڕیاریدا بە ئازادكردنت (افراج)".  

  




PM:10:25:06/11/2022