مەزڵوم کوبانی لەسەر کۆچکردنی گەنجان راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە


مەزڵوم کۆبانی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەکات، دۆخی ناوچەکە خۆش بکەن بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانە دووبارە نەبنەوە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی سێشەممە لە هەژماری تویتەری خۆی بڵاویکردووەتەوە، مەزڵوم عەبدی دەڵێت: "رووداوی نقوومبوونی بەلەمی کۆچبەرانی خەڵکی رۆژئاڤا لە جەزائیر، کارەساتێکە پێشانیدەدات کە پێویستە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر پێش هەمووان هەوڵی زیاتر بگرێتە بەر بۆ دابینکردنی داهاتوویێکی باشتر بۆ خەڵکی ناوچەکە."
 
فەرماندەی گشتیی هەسەدە داوا لە کۆمەڵگەی نیودەوڵەتی دەکات "بەرپرسیاریەتییەکە هاوبەش بکات و لە باشکردنی دۆخی خەڵک بەشدار بێت،" کە بە گوتەی خۆی "ناسەقامگیریی سیاسی، قەیرانی ئابووری و هێرشە بەردەوامەکانی داگیرکاری تورک رۆژانە دەبنە هۆی گیانلەدەستدانی خەڵکی سڤیل و ئاوارەکانی ناوچەکە."
 
مەزلوم کۆبانێ بەڵێن دەدات کە ئەوان "هەموو کارێک" دەکەن "بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە". 
 
رۆژانی ٣ و ٤ی ئۆکتۆبەر، لە نزیک جەزائیر، دوو بەلەمی کۆچبەران کە بە ئامانجی گەییشتن بە ژیانێکی خۆشتر دەیانویست بچن بۆ ئیسپانیا، نقوومبوون و لە ئەنجامدا ١٣ کۆچبەر گیانیان لەدەستدا یان بێسەروشوێن بوون کە بەشی هەرە زۆریان خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و بەدیاریکراوی کۆبانێ بوون. 
 
هەروەها ئەوە لە کاتێکدایە کە بە گوێرەی میدیای فەلەستینی، زیاتر لە ٦٢ کۆچبەری خەڵکی سووریا کە ٥٠یان خەڵکی شاری کۆبانێن و ژن و منداڵیان لەنێودایە، لە لایەن حکومەتی جەزائیرەوە "بێ ئاو و نان" نێردراونەتە بیابانی جەزائیر. 
 



PM:11:40:08/11/2022