هەولێر.. زیاتر لە ١٣ هەزار كارتی زەوی دەكرێن بە تاپۆ

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ڕایدەگەیەنێت" كاركردن بۆ چارەسەركردنی زەوییە كارتەكانی سنووری شاری هەولێر و دەوروبەری بەردەوامە، بەمزووانە زیاتر لە (١٣) هەزار كارتی زەوی دەكرێن بە تاپۆ". 

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، لەبارەی پرۆسەی گۆڕینی زەوییە كارتەكان بۆ تاپۆ لە شاری هەولێر و دەوروبەری، ڕایگەیاند" بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتی زەوییە كارتەكان و گۆڕینیان بە تاپۆ، بەڕێوەبەرایەتیی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ تاپۆمان لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دامەزراند، لە ئێستادا ئەندازیاران و فەرمانبەرانی ئەم یەكەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكان، كار لەسەر گۆڕینی كارتەكانی شاری هەولێر و دەوروبەری دەكەن و تا ئێستەش ژمارەیەكی زۆر كارتی زەوی كراون بە تاپۆ". 

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕێی بەڕێوەبەرایەتی یەكەی گۆڕینی كارتی زەوی بۆ تاپۆ، كاری زیاتر لە ١٣ هەزار كارت لە سنووری باغمرە شهاب و گەڕەكی ژین و بێریات و حزە و گردجووتیار و كەسنەزان بەرەو كۆتایی دێت، پێویستە خاوەن زەوییەكان لە ئێستەوە دەست بە ئامادەكردن و كۆكردنەوەی كارتەكانیان بكەن، لە نزیكترین كاتدا لەلایەن شارەوانییەوە ئاگادار دەكرێنەوە بۆ ئەوەی دەست بە مامەڵەكردن بكەن.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وتیشی" ئەو ١٣ هەزار كارتە كەوتوونەتە باغمرە شهاب، لە بەشی باغمرە ئەفەندی حەوت هەزار و ٥٢٨ كارت، گەڕەكی ژین لە دارەتوو سَی هەزار و ٥٩٦ كارت، بێریات و حزە هەزار و ٢٨٨ كارت، گردجووتیار لە بەشی كورانی نوێ ٦٣٨ كارت، بەشێك لە كەرتی ٩٥ی كەسنەزان كە ئەویش ٢٣٩ كارتە، لە داهاتوویەكی نزیكدا دەست بە جێبەجێكردنی مامەڵەكان دەكرێت و پرۆسەكەش بەردەوام دەبێت". 


PM:01:28:10/11/2022