وتەبێژی حكومەت: چاوەڕوانیمان لە هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە كە پاڵپشتی حكومەت بن


وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، چاوەڕوانییان لە هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە كە پاڵپشتی كارەكانی حكومەت بن و هیچ كێشەیەكیش بێ چارەسەر نییە.

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند ''پێشتر لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بودجە و چۆنیەتیی ئامادەكردنی بودجە ڕێك كەوتوون و سوورن لەسەر ئەوەی كە بگەنە ڕێككەوتن و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان بەپێی دەستوور لە یاسای بودجەدا جێگیر بكرێن''.

ناوبراو وتی ''بابەتی نەوت، بابەتێكی گرنگە و دەمانەوێت بگەینە تێگەیشتن و ڕێككەوتنێكی هاوبەش لەگەڵ عێراق. یاسای نەوت و گاز سەقفی زەمەنیی بۆ دانراوە كە دەبێت لە ماوەی شەش مانگدا پەسند بكرێت، هەروەها یاسای دادگای فیدراڵی و یاسای ئەنجومەنی فیدراڵی كە ئەوەش یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی سیستەمی فیدراڵییە''.

سەبارەت بە ململانێی حزبی و رەندنەوەی ەسەر كرەكنی حكومەت،  جوتیار عادل وتی ''ئێمە چاوەڕوانیمان لە هەموو لایەنە سیاسییەكان ئەوەیە كە پاڵپشتی حكومەت بن و هیچ كێشەیەكیش بەبێ چارەسەر نییە، جەنابی سەرۆكی حكومەت چەندین جار تەئكیدی كردووەتەوە كە بەرژوەندیی گشتی لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبییەوەیە، ئەگەر ئەو حزبە لەناو دەسەڵاتدا بێت، یان لە دەرەوەی دەسەڵات بێت، بۆیە ئاسایشی گشتی بەهایەكی گەورەیە لەلای ئێمە، خەڵكی ناوەڕاست و باشووری عێراق و وڵاتانی دەوروبەریش لەبەر ئەم بەهایە دێنە هەرێمی كوردستان و نیشتەجێ دەبن و بازرگانی دەكەن.''  



PM:02:39:10/11/2022