نەڤید زەردی پەیامێک لەسەر دەستگیرکردنەکەی شاباز زەمانی بڵاودەکاتەوە


نەڤید زەردی گۆرانیبێژی رۆژهەڵاتی کوردستان لەسەر دەستگیرکردنی شاباز زەمانی کە ماوەیەک لەمەوبەر دەمەقاڵێییەک لەسەر خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کەوتبووە نێوانیانەوە، پەیامێک بڵاودەکاتەوەو دەڵێت" هیوادارم کێشەکانی چارەسەر بن".

نەڤید زەردی بەبێ ناوهێنانی شاباز زەمانی لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک دەڵێت" لە ژیانمدا بە ڕسوابوون و بێئابڕوویی کەس دڵخۆش نەبووم، تەنانەت ئەو کەسانەی کە ناڕەوا بوختان و تۆمەتیان بۆ هەڵبەستووم و هێرشیان کردووەتە سەرم. ئێستاش بە بابەتی ئەو دەنگبێژە خۆشحاڵ نیم".

هەروەها نووسیوویەیتی" کاتی خۆشی کە مافیاکانی ئاڵبانی لەسەر بردنی گۆرانییەک هەڕەشەیان لێکرد، من گوتم نابێت پشتی کوڕێکی کورد بەردەن، ئەو کات هەر ناویشیم نەبیستبوو. ئێستاش هیوادارم کێشەکانی چارەسەر بن و لەوەش تێبگات کە لەم ژیانەدا شتێک هەیە بە ناوی کارما؛ ناتوانیت پەلاماری ژیان و کەسایەتیی مرۆڤەکان بدەیت، و لەبەر ئەوەی لە دانیشتنی سەرخۆشەکان ۲ دینار دەکەوێتە ناو گیرفانت، وا هەست بکەیت بۆت هەیە لەسەر هەموو بابەتێک بدوێیت و وابزانیت کۆتایی دنیایە و زۆر موهیممیت". نەڤید زەردی کە لە نووسینەکەیدا دەشڵێت" خوای من زۆر گەورەیە! لە ژیانمدا وڵامی دوژمنەکانمم نەداوەتەوە، بەڵام ئەگەر بڕۆن سەیری ڕابردوو بکەن، دەبینن هەموو ئەوانەی دژی من هەنگاویان هەڵێناوە، چارەنووسیان بەرەو کوێ ڕۆیشتووە، ئێستاش ئەگەر هەریەک لەوانەی لە ڕووی حەسادەت یان هەر شتێک دوژمنایەتیی منیان کردووە و ویستوویانە من بڕووخێنن، بەڵام خۆیان رووخاون، ئامادەم بە هەموو شێوازێک هاوکارییان بکەم و ئەگەر پێویستیان بە من بوو بۆیان ئەنجام دەدەم، وەک چۆن یارمەتیی دەیان گەنجی ئاوام داوە و لێشی پەشیمان نیم." 

لەگەڵ سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، نەڤید زەردی داوای لە چەند هونەرمەندێک لە ناویشیاندا شاباز زەمانی کرد کە پشتگیری خەڵکی رۆژهەڵات بکەن و ئاهەنگەکانیان راگرن، بەڵام شاباز زەمانی وەڵامێکی توندی نەڤیدی دایەوە.



PM:07:30:11/11/2022