سەبارەت بە ناردنی هێز بۆ رۆژهەڵاتی كوردستان روونكردنەوە دەدرێت


سەركردەیەكی كوردی رۆژهەڵاتی كوردستان رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان نەچونەتە ناو رۆژهەڵاتی كوردستان و جەختیشیكردەوە لەوەی هێز نانێرنە رۆژهەڵات.

حسێن یەزدان پەنا، سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندوەووە "بنكە سەرەكییەكانی ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستانە و ناوەندی چالاكی ئێمە لە رۆژهەڵاتی كوردستانە، بەڵام ئێستا كە لە باشوری كوردستانین بۆ شەڕی دژی داعشە". 

سەبارەت بە داوای كۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی بنكەی هێزە كوردییەكان لە عێراقدا نەمێنێت، پەنا وتی، "ئەگەر گوشارێكی زۆرمان بۆ بهێنن ئێمە هەتا ئێستا لەبەر رەچاوكردنی بارودۆخی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە ماوینەتەوە، ئەگەر گوشارەكە بگاتە ئەو ئاستە زۆر چاكە ئێمەش بارەگا و بنەمان و هێزەكانمان دەپێچینەوە بەرەو سنورەكان و داخلی رۆژهەڵاتی كوردستان دەڕۆین".

هەروەها وتویەتی "تا ئێستا هێزەكانمان نەچونەتە ناو رۆژهەڵات، چونكە پێمانوایە دەبێت خەڵكەكەمان بە بەشداری رێكخستنەكانمان پشت بە خۆیان لەسەر شەقامەكان ببەستن، بەهیوای ئەوە نەبن تیمێك یان دەستەیەكی پێشمەرگە بڕوات و ببێتە رزگاركەر، نا، دەبێت رزگاركەر هەرخۆیان بن، هەروەها بۆ ئەوەی بیانوو نەدرێت بە دەست كۆماری ئیسلامی بڵێن ئەوە لە دەرەوەی سنورەكان هێز هاتوەتە ناو سنورەكان، بۆیە ئێمە داخڵ نەبوین و پلانی ئەوەشمان نیە داخڵ ببین، بەڵكو گەشەپێدانی راپەڕین یان هەوڵدان بۆ بەشداربونی زیاتر خەڵكە لەسەر شەقامەكان و ئەگەر بەدەست ئێمە بێت هێمنانە خۆپیشاندانكردن، بەڵام بەدەست ئێمە نیە".



PM:03:00:12/11/2022