پەیامێكی نوێ لە پارتییەوە بۆ یەكێتی "مەسرور بارزانی چاوپۆشی لە فەوزاو كاری لابەلاو تێكدەرانە ناكات"


وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان پەیامێك بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەنێرێت و رایدەگەیەنێت "مەسرور بارزانی ئەو كەسە نییە چاوپۆشی لە فەوزاو كاری لابەلاو تێكدەرانەو لەیاسا دەرچوون بكات".

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان لە فەیسبووكی خۆی نووسیویەتی "لاپەڕەی نوێی پەیوەندی و كاڵكردنەوەی كێشەكان واجبی ئەساسی یەكێتی و پارتییەو لەم ڕووەوە پارتی ڕایگەیاندووە، كە لاپەڕەی سپی پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەكان دەكاتەوە".

ناوبراو روونیكردۆتەوە "لەم هەموو ڕووداوەی كە لەپێشماندان و دێن چارەنووسی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی لەوە گرنگترە بیكەیتە قوربانی چوار پێنج كەس كە یاسا داوایان دەكات".

هەروەها وتویەتی "ئێمە ئەگەر وڵات بونیاد دەنێین و لەخەمی داهاتووداین دەبێت هەنگاو بەهەنگاو بەرەو چەسپاندنی یاساو نەهێشتنی هێزی دەرەوەی یاسابین، ئەوانەی موڵك و ماڵ و پیكابی خەڵكیان دەدزی و تەعەدایان لەخەڵك دەكرد، بزریان بكەن لەبەردەم كامێراو مایكەكان و پەڕۆی ڕەش بەسەر ئەو تیڤییانەدا بدەن كە ئەوان دێنە سەر شاشەكەی، 
ئەوان هیچیان پێ نییە جگە یادگارییە تاڵەكانی سەردەمی شەڕی ناوخۆ، ئەو ئاگرەی بێ باوكی و بێ برایی و بێ كەسوكاری نیشانی هاوتەمەنەكانی ئێمەداو ئەم ئازارەم لەچاوی چەندین هاوڕێمدا بینیوە".

پێشەوا هەورامانی ئاماژەی بەوەكردووە "سیاسەت نمایشی لەش و لارو قۆڵ و مەچەك نییە،گفتوگۆو دانووستان و قسەی سەرمێز خزمەت بەم خەڵكە دەكات، حكومەت دەبێت هێزو دەسەڵاتی لەهەموو شوێنێك بێت و بەڕێز مەسرور بارزانیش ئەو كەسە نییە چاوپۆشی لە فەوزاو كاری لابەلاو تێكدەرانەو لەیاسا دەرچوون بكات ئەگەر دەرئەنجامەكەی هەرچی بێت".






PM:09:01:13/11/2022