سەركردەیەكی یەكێتی سەبارەت بە پێشوازیكردنیان لە پارتی زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات


سەركردەیەكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئاشكرای دەكات كە "حزبەكەی ئامادەیە بۆ پێشوازیكردن لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان".

سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی بە (باسنیوز)ی نزیك لە پارتی راگەیاندووە "یەكێتی و پارتی وەك دوو لایەنی جیا و خاوەن جیهانبینیی جودا، ئاساییە ناكۆكییان هەبێت، بەڵام لە رێی میدیا و شەڕی سۆشیال میدیاوە ناكۆكییەكان چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت هەوڵی خاوكردنەوەی گرژییەكان بدرێت و بە وردی لێكۆڵینەوەیان لەسەر بكرێت، تا چارەسەر بكرێن، ئەمەش بە یەكتربینین و دانیشتن دەبێت".

پیرە روونیكردەوە "سەردانی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەكان بە یەكێتیشەوە كە بڕیارە بكرێت، كارێكی باشە، چونكە بە دڵنیاییەوە گفتوگۆ لەسەر ناكۆكییەكان دەكرێ و هەوڵی خاوبوونەوەی گرژییەكان دەدرێت".

ئەو سەركردەیەی یەكێتی وتیشی "حكومڕانییەكی هاوبەش كە لە یەكێتی و پارتی پێكدێ لە هەرێمی كوردستان دەكرێ، ناكرێ لەگەڵ یەك قسە نەكەن، گرنگە پارتی و مەكتەبی سیاسی نوێی پارتی بە دەنگ نیگەرانییەكانی یەكێتییەوە بێن، ئێمە پێشوازی لە شاندی پارتی دەكەین، دڵنیاشم لەنێو پارتییەوە هەوڵی ئەوە دەدەن كە ئەم كێشانەی هەن بە شێوەیەكی باش چارەسەر بكرێن".



PM:09:35:13/11/2022