رێبوار تاڵەبانی: دەبوایە وەزارەتێك لە هەرێم وەربگرم


رێبوار تاڵەبانی، راوێژكاری مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی (ماوەبەسەرچوو)ی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، "ئەو پۆستە بۆ من هیچ نییه، دەبوایە بەلانیكەم وەزارەتێك لە حكومەتی هەرێم یاخود پاداشتێكی زیاتر بوایە، پێشتر پۆستەكەم هاوتای وەكیل وەزیر بو لانیكەم دەكرا وەزارەتێك لە هەرێم وەرگرم".

رێبوار تاڵەبانی لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا رایگەیاندوە، "ئەو كوتلەیەی دروستكراوە بەناوی بەڕێوەبردنی ئیدارەی دەوڵەت كە هەمو سوننە و كورد و شیعەی چوارچێوەی هەماهەنگی تێدایە یەكێك لەو ڕێككەوتنانەی كە كردویانە بارودۆخی ناوچە كوردستانیەكان بگەڕێتەوە پێش 16ی ئۆكتۆبەر و دۆسیەی ئەمنی ڕادەستی پۆلیسی ناوخۆیی بكرێت، ئەمە هەنگاوێكی باشە بۆئەوەی بارودۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە و بون بەسەربازگەیی تێدانەبێت، چونكە دژی ماددەی (9) ی دەستورە نابێت سوپا و سەرباز لەناو شاردا بێت ئەوكاتە بەكۆی گشتی كەیسە سیاسیەكان نامێنێت".

ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە "ڕێككەوتن كراوە لەسەر ئەوە، جارێ هیوایەك بەخۆمان دەدەین و چاوەڕێ دەكەین بزانین دەوڵەتی شیاع سودانی دەتوانێت بەڵێنەكانی جێبەجێ بكات یاخود هەمان سیناریۆی عەبادی و مالیكی و جەعفەری دوبارە دەكاتەوە".

سەبارەت بە دۆسیەی سزادانی و پشتیوانیكردنی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، رێبوار تاڵەبانی وتی "ئێمە ئەوكاتەی هاتینە هەولێر پێشوازیەكی باشمان لێكرا لەسەر ئەو كەیسانەش پشتگیری كراوم لە دادگاكاندا لە پاڵپشتیكردندا لەگەڵم بوون بەتایبەتی سەرۆك مەسعود بارزانی ڕۆڵێكی گرنگی هەبوە لەچاودێریكردنی ئەو كەیسانە ئەوكاتە خۆی سەركردایەتی ڕیفراندۆمی كردوە و خۆیشی بەڵینیدا بو كە هەر كێشەیەك بەبۆنەی ئەو بابەتەوە بێت ئامادەیی خۆی دەربڕیوە كە پاڵپشتی و بەرگری لەو كەسانە بكات كە بەبۆنەی ڕیفراندۆمە توشی كێشەی سیاسی بون".

دەربارەی ئەوەی كە ئێستا ڕاوێژكاری سەرۆكی حكومەتە وەكو پاداشتێك ئەو پۆستەی پێدراوە یاخود پۆستەكە تەنها ناوێكە بۆ ئەو؟، ڕێبوار تاڵەبانی دەڵێت، "ئەو پۆستە بۆ من هیچ نییه،‌ چونكە لەكاتی 16ی ئۆكتۆبەر سەرۆكی وەزیرانی ئەوكات حەیدەر عەبادی وتی تەنها شەرعیەت بدە و بگەڕێوە هەر وەزارەتێكت دەوێت لە حكومەتی فیدڕاڵی پێت دەسپێرین، من خۆم پێشتر كە سەرۆكی ئەنجومەن بوم لە پلەی بریكاری وەزیر بوم، من كە هاتومەتە هەرێمی كوردستان دەبوایە بەلایەنی كەم وەزارەتێك لە حكومەتی هەرێم یاخود پاداشتێكی زیاتر بوایە لەوە چونكە ئەوە كەمتر بوە لەو پلە و پۆستەی كە پێشتر هەمبوە لەگەڵ ئەو هەڵوێستەی كە هەمبوە چونكە كەم كەس هەیە وەكو من هەڵویستی دەستوریانە و یاساییانە و مێژویانە بدات، ئەگەر من ئەوكاتە بگەڕامایەوە كەركوك بەلایەنی كەم وەزیر بوم لە حكومەتی فیدڕاڵی".


سەبارەت بە بینینی سەرۆكی حكومەت كە پێشتریش سەرۆكی دەستەی مافەكانی مرۆڤ وتبوی، "بینینی سەرۆكی حكومەت زۆر قورسه"، ڕێبوار تاڵەبانی باسی لەوەكردووە "بەگشتی ئەوە گلەییە، منیش واتێدەگەم بینینی سەرۆكی حكومەتی هەرێم قورسە و سیستماتیك نەكراوە بەگشتی كاركردن لە هەرێمی كوردستان ئاڵۆزە 30 ساڵە كێشەی زۆر كەڵەكە بوە ئیتر نازانم ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ خودی كابینەكە و سیاسەتی سەرۆكی حكومەت خۆی چۆن بە باشی دەزانێت ئەوە بەرنامەی خۆیەتی".

رونیشیكردەوە، "من هەتا ئێستا یەكجار سەرۆكی حكومەتم بینیوە، من ساڵێكە لەو پۆستەدام، تائێستا ئەو دەرفەتە ڕوینەداوە".



AM:10:05:16/11/2022