عەبدی: هێرشەكانی كۆبانێ پەیوەندیان بە تەقینەوەكەی ئەستەنبوڵەوە نییە


مەزڵوم عەبدی، فەرمانداری گشتی هێزەكانی سوریای دیمۆكراتی- قەسەدە رایدەگەیەنێت "هێرشەكانی توركیا بۆ سەر شاری كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان هیچ پەیوەندییان بە تەقینەوەكەی ئەستەنبوڵەوە نییە". 

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیمۆكراتی- قەسەدە رایگەیاندووە "لە كاتژمێر ١٢ی شەو رابردووەوە لە شەهباوە تا دێرك ڕێمی توركیا هێرشی ئاسمانی كردە سەر ڕۆژاڤای كوردستان، هێرشەكە تا ئێستا بەردەوامە و واش دیارە ماوەیەكی دیكەش درێژەی دەبێت، بەڵام لە زەمینەوە جموجوڵی سەربازی سوپای تورك نەبینراوە".

عەبدی ئاشكرایكرد "دەوڵەتی توركیا لە هێرشەكانیدا جیاوازی لە نێوان مەدەنی و هێزی لەشكریدا نەكردوە. تەنانەت جیاوازی لە نێوان هێزەكانمان و هێزەكانی حكومەتی سوریاشدا نەكردوە. بەهۆی هێرشەكانەوە ژماریەك شەهید و بریندار هەن".

فەرمانداری قەسەدە وتیشی "ئەم هێرشانە هیچ پەیوەندیان بە تەقینەوەكەی ئەستەنبوڵەوە نییە، ساڵێك زیاترە ئامادەكاریان بۆ دەكرێت، چونكە هەمووان دەزانن ئێمە و هیچ هێز و لایەنێكی كوردی هەرگیز مەدەنیەكانیان نەكردەتە ئامانج. بەڵكو ئەو تەقینەوەیە كراوەتە بیانو بۆ تۆڵەكردنەوە لە گەلەكەمان. ئەوەش گەمەیەكی چەپەڵی هەواڵگری توركیا و پەیوەستە بە جموجۆڵەكانی ئەردۆغان بەر لە هەڵبژاردنەكانی توركیا و لە لایەن خودی چەتەكانی سەر بە ڕژێ؟ی توركیاوە ئەنجامدراوە".



PM:08:52:20/11/2022