پارێزگاری هەولێر پەیامێک ئاڕاستەی خاوەنی کۆمپانیاکان دەکات

پارێزگاری هەولێر لە ڕاگەیەنراوێکدا پەیامێک ئاڕاستەی خاوەنی کۆمپانیاکان دەکات و دەڵێت" نامانەوێت جارێکی تر ئەو کارەسات و ڕووداوە نەخوازراوانەی ڕوویاندا نە لە هەولێر، نە لەهیچ شارێکی تر دووبارە ببێتەوە". 

ئەمڕۆ چوارشەممە بە سەرپەرشتى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و ئامادەبوونى هەریەک لە هێمن قادر و مەسعود کاڕەش، جێگرانى پارێزگار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، کۆبوونەوەیەکى تایبەت لەگەڵ سەرجەم کۆمپانیا و ئەو لایەنەنانەى کە کارى سیستمی شۆفاژ و غازی ئێڵ پی جی دەکەن لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدرا.

بەپێی ڕاگەیەنراوێکی پارێزگای هەولێر، لە کۆبوونەوەکەدا ئومێد خۆشناو تیشکی خستەسەر ئەو کارەسات و ڕووداوانەی کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆک ڕوویاندا، کە جگە لەوەی هەموو لایەکی نیگەران و خەمبارکرد ترس و دڵەڕاوکێیەکى زۆریشی خستە دڵی هاوڵاتیان، لەو بارەیەشەشەوە جەختی لە بڕیار و ڕاسپارەدەکانی مەسرور بارزانی کردەوە سەبارەت بەکارکردن بەو سیستەمە و ڕایگەیاند" پێویستە ئێوەش بۆ ڕێکخستنەوە و چارەسەرکردنی مەترسیەکانی ئەو سیستەمە پابەندی بڕیار و ڕاسپاردەکان بن و هاوکار و هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان و دام و دەزگاکانی حکومەت بن، بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو کارەسات و ڕووداوە نەخوازراوانەی کە لە شارەکانى دهۆک و سلێمانی ڕوویاندا، نە لە هەولێر، نە لە هیچ شارێکی تر دووبارە نەبێتەوە". 

لە بڵاوکراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لەلایەن خۆیانەوە خاوەنی کۆمپانیاکان ئامادەی خۆیان دەربڕی بۆ پابەندبوون بە سەرجەم بڕیار و ڕاسپاردەکان و هەموو هاوکاری و پشتیوانیەکی لیژنەکانی پارێزگا و دام و دەزگا و لایەنە پەیوەندیدارەکان". 

هەروەها ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پێداچوونەوە بە هەموو ئەو شوێنە تایبەت و گشتیانەدا دەکەین کە سیستەمی UAZ لە خۆدەگرێت". 

وتیشی" کوالێتی غاز و بەکارهینانی سیستم بە ئیهمالی و کەمتەرخەمی لە دانانی سیستم و موادەکانی سێ هۆکارن بۆ کێشەی غاز لە هەرێمدا". 

پارێزگاری هەولێر داواشی لە هاوڵاتیان کرد، پێداچوونەوە بەو کۆمپانیایانە بکەن کە ئەو سیستەمەیان لێ کڕیوە بۆ چارەسەرکردنی هەر کەموکوڕییەک.

دوێنێ دوای ڕووداوی تەقینەوەکەی سیستمی غاز لە بەشێکی ناوخۆی پارێزگای دهۆک، مەسرور بارزانی حکومەتە خۆجێیەکان و ئیدارە سەربەخۆکانی کوردستانی ڕاسپارد کە کارکردنی سیستەمی غاز ڕابگرن.


PM:02:43:23/11/2022