وەزیری بەرگری پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرا


وەزیری بەرگری پێشووی هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕیزان کالۆ و دوو هاوڕێی لە بۆردومانێكی هێزەکانی تورکیا بۆ سەر شاری قامیشلۆ کوژران.

ماڵپەڕی هەواڵی ڕوسی "سپۆتنیک" بڵاویکردەوە "سەرچاوە مەدەنییەکان" لە دیمەشق، ڕایانگەیاندووە، "چلۆ لەناو پیکاپێکدا دەبێت، کاتێک فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا ئۆتۆمبێلەکەی لە بازنەی قەرمووتی لە قامیشلۆ بۆردومان کردووە و لەگەڵ دوو هاوڕێیدا گیانیان لەدەستداوە". 

جگە لەوەش هەمان سەرچاوەکان بۆ ماڵپەڕی ڕوسی ڕایانگەیاندووە، کە "هێزەکانی تورکیا بە مووشەکێک لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە نەخۆشخانەی کۆرۆنای پشتێنەی ڕۆژئاوای شاری قامیشلۆ بۆردومان کردووە. 

دوێنێ چوارشەممە، "هێزەکانی سوریای دیموکرات" ڕایگەیاند، هەماهەنگییان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتی واشنتۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوی "داعش" ڕاگرتووە، بەهۆی بۆردومانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان.

هەروەها دوێنێ ئێوارەی چوارشەممە، هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا پێگەکانی هێزە ئەمنییەکانی کورد کە بەرپرسن لە پاراستنی کەمپی ئەلهۆڵیان کردە ئامانج، کە هەزاران ئاوارە و ئەندامانی بنەماڵەکانی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا تێیدا دەمێننەوە، بە گوتەی وتەبێژ و ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ .

یەکشەممەی ڕابردوو تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی لە رۆژئاوای کوردستان ئەنجامداو بە دەیان شەڕڤان و خەڵکی مەدەنی کرانە ئامانج.



AM:08:24:24/11/2022