لەسەر رۆژئاوا
ئەمەریکا هۆشداری دەدات بە تورکیا


لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە تورکیا بۆردومانێکی سەختی رۆژئاوای کوردستان دەکات و ئاماژە بۆ هێرشی زەمینی دەکات، ئەمڕۆ پێنج شەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداری توندیدایە تورکیا بەهۆی هێرشەکەی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و دەڵێت "هێرشەکە هەڕەشەیە لەسەر هێزەکانی ئەمەریکا و دەبێتە هۆی گەشەکردنەوەی داعش". 
    
لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا رایگەیاند "هێرشەکەی تورکیا هەڕەشەی راستەوخۆیە بۆ سەر گیانی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا کە روبەڕووی داعش بوونەتەوە". 
  
هەروەها ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە کە واشنتن دەزانێت تورکیا گرفتی ئەمنی هەیەو دەڵێت" بەڵام پێویستە رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی ئەو سەربازانە بگیرێتەبەر کە لە سوریا دژی داعش دەجەنگن".

ئەوەی ئاشکرایە ژمارەی سەربازەکانی ئەمەریکا لە رۆژئاوای کوردستان نزیکی ٩٠٠ سەربازە کە هاوشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دژی داعش دەجەنگن.

لەسەرەتای ئەم هەفتەیش تورکیا هێرشێکی قورسی ئاسمانی دژی رۆژئاوای کوردستان راگەیاندووەو بەدەیان کەس بە شەڕڤان و مەدەنییەوە بوونەتە قوربانی. 



AM:11:50:24/11/2022